کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رایدەگەیەنێت” بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو سیستمێکی تەکنیکیی زۆر پێشکەوتوو بۆ هەژماکردنی دەنگەکان بەکار دەهێنێت”.
لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رۆژی ٢٤ ی تشرینی یەکەم عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق وتی ” زیاتر لە ٤٠ هەزار ئامێری پێشکەوتوو بۆ هەژماردن و جیاکردنەوە و ناردنی دەنگەکان ئامادەکراوە لە بنکەکانی دەنگدان”.
لە میانەی لێدوانەکەیەدا، عیماد جەمیل ئاشکرایکردن ئەنجامەکان لە ڕێگەی مانگی دەستکردی “پورەیا”وە ڕاستەوخۆ لە بنکەکانی دەنگدانەوە بۆ سەنتەری نیشتمانی دەنێردرێن بەبێ ئەوەی بە هیچ تۆڕێکی ئینتەرنێتدا لەناو عێراقدا بڕۆن. ئەمەش وا دەکات پرۆسەکە پارێزراو بێت لە هەر دەستێوەردانێک یان هاککردنێک.
” ئامێرەکان هیچ دەرچەیەکی پەیوەندی دەرەکییان نییە و ئاماژە لە هیچ تۆڕێکەوە وەرناگرن. وەک سیستمێکی داخراو کار دەکەن.( عیماد جەمیل ئەمەی راگەیاند).
سەرۆکی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆن زانیارییەکی گرنگ لەسەر راگەیاندنی ئەنجامەکان ئاشکرا دەکات و، وتی” خشتەی کاتی دیاریکراوی بۆ ناردنی ئەنجامەکان دانراوە، ئەنجامەکان لە ماوەی شەش کاتژمێردا دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەی دەنگدان دەنێردرێن و لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ڕادەگەیەنرێن. ناوەندێکی تایبەتیش بۆ وردبینی لە ژماردنی دەستی و ئەلیکترۆنی دامەزراوە.”
ژمارەی دەنگدەرانی دەنگدانی گشتی ئەمجارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ٢٠.٠٦٣.٧٧٣ دەنگدەرە، ژمارەی دەنگدەرانی تایبەت، کە هێزە ئەمنییەکان و زیندانیان و ئەوانی دیکە دەگرێتەوە، گەیشتووەتە ١.٣١٣.٩٨٠دەنگدەر، هەروەها ژمارەی دەنگدەرانی ئاوارەکان ٢٦،٥٣٨ دەنگدەرە.
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
هەژمارکردنی ئەنجامەکان
دەنگدان
ئامێری زیرەک
