ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی رایگەیاند” سەرەڕای هەموو هەوڵە یاساییەکان، کێشەی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان وەک خۆی ماوەتەوە، چونکە ویست و ئیرادەی راستەقینە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە لەلایەن هەرێم و ناوەندەوە نییە.”
سێشەممە ١٦ی ئەیلول کاروان یاروەیس ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی بە میدیای حیزبەکەی راگەیاند” لە روی یاساییەوە هەموو هەوڵێکمانداوە بۆ چارەسەری کێشەی موچە،” بەڵام بەداخەوە “هەرێم و بەغدا وەک پێویست پابەندی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی نەبوون” و گرفتەکە “نە بە یاسای بودجە و نە بە بڕیاری دادگای فیدراڵی چارەسەر نەکرا.”
سەبارەت بە ڕۆڵی ئەنجومەنی دەوڵەت (شورا)، یاروەیس رونیکردەوە کە “ئەنجومەنی دەوڵەت دەسەڵاتی چارەسەرکردنی کێشەی موچەی نییە، چونکە کاری تەنها راوێژکارییە نەک دەرکردنی بڕیار.”
کاروان یاروەیس دەشڵێت “ساڵی داهاتوو بۆ موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان سەخت دەبێت.” ئاشکراشی کرد کە “چوار موچەی موچەخۆرانی هەرێم دەکەوێتە ساڵی داهاتوو،” و ئاماژەی بەوەشکرد کە “موچەی مانگی ١٢ی ساڵی رابردوو لەنێوان هەرێم و بەغدادا دیار نەما.”
کاروان یاروەیس رەخنەی توندی لە یاسای بودجەی گشتیی عیراق گرت و وتی: “پەسەندکردنی یاسای بودجە بۆ سێ ساڵ هەڵەیەکی کوشندە بوو.”
لە کۆتاییدا دووپاتی کردەوە کە “ویستی راستەقینە بۆ چارەسەری کێشەی موچەخۆرانی هەرێم نییە” و ئەمەش هۆکاری سەرەکیی بەردەوامیی قەیرانەکەیە.
کاروان یاروەیس
مووچە
