ئاریان عومەر
لە ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧دا، هەرێمی کوردستان هەنگاوێکى نا بۆ یەکێک لە گرنگترین بڕیارەکانی مێژووی خۆی – ئەویش ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی. بەڵام ئەو ڕۆژەی کە دەبووایە ڕۆژی شانازی و سەربەخۆیی بێت، بووە سەرەتای کارەساتێکی سیاسی و ئابووری کە هێشتاش لە ئاکامەکانی دەناڵێنین. پێش ئەو ڕۆژە، ئامادەکارییەکی بەرفراوان کرابوو بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان دەنگ بۆ سەربەخۆیی بدەن. مەسعوود بارزانی وەکو سەرۆکی هەرێم، پێشڕەوی ئەم پرۆسەیەی دەکرد. بەڵام ئەوەی کە نادیار بوو ئەوەبوو کە ئەم بڕیارە چەند قورسایی و کارەساتی لە دوای خۆیدا دێنێت.
ووڵاتانى جیهان، لەوانەش وڵاتانی هاوپەیمان و دراوسێکان، بە ئاشکرا دژایەتیان لەگەڵ ئەم هەنگاوە دەربڕی. تەنانەت بەرەیەکیش پێکهێنرا بۆ “نەخێر”ی لەبەرامبەر ڕیفراندۆم. ئەوان بە وتیان: “کاتی ئەوە نیە”. بەڵام مەسعوود بارزانی وەکو هەمیشە حەزی بەیاری کردن بە چارەنووسی کوردستان میلەتەکەى هەبووە . لەگەڵ ئەوەى هەنگاویان بۆ کارێک نا بە بآ ئەوەى دەرئەنجامەکەى بزانن لەبەر ئەو هۆیەش دەنگێکى زۆر بۆ سەربەخۆیی هات، بەڵام تەنها یەک هەفتە دوای ئەوە کارەساتی ڕاستەقینە دەستی پێکرد. هێزەکانی عێراقی و حەشدی شەعبی دەستیان بە داگیرکردنی ناوچەکانی جێگە ناکۆکاکان و نزیک شارى کەرکووک کرد، لە کەرکووکەوە تا خانەقین. لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا، نزیکەی ٥١٪ لە خاکی کوردستان لەدەست چوو.
قەیران و نائارامی باڵی بەسەر هەرێمدا کێشا. ئابووری وەستا، موچەى فەرمانبەران کە چەند ساڵێک بوو بە خراپى دەدرا ئەوەندەى تر ئاستەنگى بۆ دروست کرا ، خەڵک لە ترسی ئاوارەیی دەژیا. لەو کاتەدا، خودی مەسعوود بارزانی ناچار بوو هاتە سەر شاشەی تەلەفیزیۆن و بڵێت: “با دەرگای گفتوگۆ دانەخەین، ئێمە سەر بە عێراقین”. کە پێم وایە ئەمە یەکێکى تر بوو لە نسکۆکان کە بەسەر میلەتى کوردیاندا هێنا . ئەمڕۆ، پاش تێپەڕبوونی هەشت ساڵ، هێشتا باج ئەو هەڵەیە دەدەین. نەک تەنها خاکی کوردستانی بەشێکى زۆرى لەدەستداو نەگەڕاوەتەوە، بەڵکو قەیرانێکی قووڵی دارایی و سیاسی لەگەڵ بەغداد درووست بووە کە هەتا ئێستا چارەسەر نەبووە.
لەبەرئەوە دەڵێم ڕیفراندۆمی ٢٠١٧ وەک نموونەیەک لە گەندەڵی سیاسی و نەزانی لێکدەدرێتەوە و دەمێنێتەوە. ئەو بڕیارانەی کە بەبێ ئامادەکاری تەواو و بەبێ پەیوەندی لەگەڵ هاوپەیمانان دەدرێن، باجەکەیان خەڵکی ئاسایی دەیدات، نەک ئەوانەی کە بڕیارەکە دەدەن.

