میدیا فەرمی عێراق ئاشکرای دەکات کە ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار هەڕەشە لەسەر ڕێڕەوە دەستوورییەکان دروست دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە، ڕۆژنامەی سەباح ڕاپۆرتێکی دەربارەی ڕێکنەکەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار بڵاوکردەوە و دەڵێت” هێشتا دۆسیەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ڕووبەڕووی ئاڵۆزییەکی سیاسی گەورە دەبێتەوە، ئەمەش لە سایەی نەبوونی تەبایی لەنێوان لایەنە پەیوەندیدارەکاندا، کە دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ڕێڕەوە دەستوورییەکان و زیادبوونی ناڕوونی سیاسی لە وڵاتدا”.
هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی ” کوتلە کوردییەکان سوورن لەسەر کاندیدەکانیان و پسپۆڕان هۆشداری دەدەن لەوەی کە بەردەوامبوونی ئەم دواکەوتنە ڕەنگە کاردانەوەی نەرێنی لەسەر متمانەی شەقام بە دامەزراوەکان هەبێت و ببێتە هۆی پەککەوتنی کارەکانی دەوڵەت”.
رۆژنامەکە لە زاری عەباس جبوری، شرۆڤەکاری سیاسی ڕایگەیاند،”هەڵنەبژاردنی سەرۆک کۆمار و ڕێکنەکەوتنی نێوان هەردوو پارتە کوردییەکە تاوەکو ئێستا، ڕەنگدانەوەی بەردەوامبوونی دۆخی چەقبەستوویی سیاسییە لە وڵاتدا”.
وتیشی” ئەم بارودۆخە لە سایەی کەڵەکەبوونی بنبەستی سیاسی نێوان کوتلە سەرەکییەکاندا دێت، ئەمەش ڕەنگە کاریگەری هەبێت لەسەر تەواوکردنی ڕێڕەوە دەستووری و هەڵبژاردنەکانی دیکە”.
جەختیشی کردەوە کە” هەر دواکەوتنێکی زیاتر، ڕەنگە ئاڵۆزیی دۆخی سیاسی زیاتر بکات و توانای بڕیاردان لەسەر پرسە گرنگەکان لاواز بکات”.
بە تەی عەباس جبوری ” لایەنە کوردییەکان هێشتا لەسەر کاندیدی سەرۆکایەتی ڕێکنەکەوتوون، ئەمەش وا دەکات دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان بۆ هەوڵی هەڵبژاردنی سەرۆک، ببێتە وێستگەیەکی یەکجار هەستیار کە پێویستی بە هەوڵی چڕی دانوستاندن هەیە بۆ تێپەڕاندنی ناکۆکییەکانی ئێستا”.
پارتی
یەکێتی
سەرۆک کۆمار
