ڕاستی و درۆ

ByRazhan Ahmed

کانوونی دووەم 26, 2026
خوێندراوەتەوە: (1.7K)

دڵبەند جەمال

ڕۆژێک (ڕاستی) لەناو باخێکدا پاڵی بە قەدی دارێکەوە دابوو، بە وردی دەیڕوانییە جوانییەکانی سروشت و ئاوە سازگارەکەی ناو باخەکە؛ سەری سوڕمابوو لەو هەموو ڕەنگاوڕەنگی و گەشاوەییەی چواردەوری.

لەو کاتەدا (درۆ) دەرکەوت، وادیاربوو بۆ گەڕان هاتبووە ئەو ناوچەیە. بینی کە (ڕاستی) بە سەرسوڕمانەوە دەڕوانێتە دەوروبەری خۆی، لە دڵی خۆیدا وتی با بڕۆمە پێشەوە، ئەمە دەرفەتێکی زۆر باش و لەبارە! وەک هەمیشە، فێڵ و تەڵەکە لە ناو خوێنی (درۆ)دا هاتوچۆی دەکرد.

نزیک بووەوە و سڵاوێکی گەرمی لە (ڕاستی) کرد و لە تەنیشتی دانیشت. دوای گفتوگۆیەکی هێمنانە، (درۆ) بەوپەڕی بڕوابەخۆبوونەوە و بۆ ئەوەی خۆی بە باش نیشان بدات، ڕووی کردە (ڕاستی) و وتی: ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە تۆزێک خۆمان فێنک بکەینەوە؟

(ڕاستی) سەری سوڕما و وتی مەبەستت چییە؟

(درۆ) وتی کەشەکە گەرم و خۆشە، زۆر چێژبەخشە ئەگەر مەلەیەک لەناو ئەم ئاوە پاک و سازگارەدا بکەین.

(ڕاستی) وتی بەڵێ وایە، بەڵام من چۆن بتوانم باوەڕ بە (درۆ)یەکی وەک تۆ بکەم؟ چۆن جلەکانم جێبهێڵم و بچمە ناو ئاوەکە؟

بۆ ئەوەی هەموو گومانێکی خراپ بڕەوێنێتەوە، (درۆ) وتی من پێش تۆ جلەکانم دادەکەنم و دەچمە ناو ئاوەکە، تاوەکو دڵنیابیت. (ڕاستی) قسەکانی بەدڵ بوو و ڕازی بوو. جلەکانی داکەند و چوو بۆ ناو ئاوەکە تا کەمێک فێنک بێتەوە. بەڵام کاتێک (ڕاستی) خەریکی مەلە بوو، (درۆ) هەلەکەی قۆستەوە، بە خێرایی لە ئاوەکە هاتە دەرەوە و جلەکانی (ڕاستی) پۆشی و ڕایکرد!

کاتێک (ڕاستی) بەهۆش خۆی هاتەوە و ڕاستی کایەکەی بۆ دەرکەوت، زانی کە ئەگەر بە ڕووتی بێتە دەرەوە، حەیا و ئابڕووی نامێنێت و خەڵک بە قێزەونی لێی دەڕوانن و کەسیش باوەڕی پێناکات.

پەشیمانییەکی گەورە باڵی بەسەردا کێشا؛ لەبری هاوارکردن و نیشاندانی بێدەسەڵاتی، بڕیاری دا بە بێدەنگی لەناو ئاوەکەدا بمێنێتەوە. ئەو مانەوە هەمیشەییەی قبووڵ کرد تەنها لەبەر ئەوەی جارێک باوەڕی بە (درۆ) کردبوو.

لەوەتەی ئەقڵ تەنها لە چاودا بێت و مرۆڤەکان تەنها سەیری ڕووکەش بکەن، ناسینەوەی ڕاستی و درۆ ئەستەم بووە. لەو ڕۆژەوە ڕاستیِ ڕووت لەسەر زەوی کەمبووەوە و (درۆ) دەستی باڵای گرت. ئێستا (درۆ) بە جلوبەرگی (ڕاستی)یەوە لەناو خەڵکیدا دەسووڕێتەوە و هەموو کارە خراپەکانی لەژێر ناوی ڕاستیدا ئەنجام دەدات.

(درۆ) سەرچاوەی هەموو ناخۆشی، ناڕەحەتی، شەڕ و سەرلێشێواوییەکانە. گەورەترین گوناهە کە مرۆڤ دوای چەندین ساڵ ئەزموون دەگاتە ئەو بڕوایەی کە دەبێت لێی دوور بکەوێتەوە تاوەکو باشییەکان و متمانە لەدەست نەدات.

By Razhan Ahmed

من ڕاژان ئەحمەد بەکالۆریۆسم هەیە لە زمان و ئەدەبی ئینگلیزی.نووسەر و گرافیک دیزاینەر لە میدیای ناونیشان. I Razhan Ahmed. I have BA in English Language and Literature.I become an active writer and designer for Nawnishan's website.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 105 Today: 569 📊 Click Here