بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەیەکی فراوان ساز بکەن بۆ بەردەوامیدان بە گفتوگۆکان سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی داهاتووی حکومەت لەگەڵ بەدواداچوون بۆ کاری دوو لیژنەی پێکهێنراوە بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ کاندیدەکانی سەرۆک وەزیران و دانوستان لەگەڵ هێزە سیاسییە هاوبەشەکان.
سەڵاح بوشی، ئەندامی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند” چوارچێوەی هەماهەنگی بە فەرمی لە قۆناغی گفتوگۆوە چووەتە قۆناغی یەکلاکردنەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران و پێکهێنانی حکومەت”.
جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە چوارچێوەکە هەوڵ دەدات خۆی بەدوور بگرێت لە هەر بۆشاییەکی سیاسی و پەیامێکی ڕوونی ناردووە کە توانای دروستکردنی حکومەتێکی جێگیری هەیە بەبێ بنبەستی سیاسی.
لایخۆشیەوەعەلی دیفاعی، وتەبێژی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی، پێشبینی ئەوەی کرد کە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ دەرئەنجامێکی گرنگی لێ بکەوێتەوو یەکلاکەرەوە بێت لە نێوان قۆناغەکانی گفتوگۆ و یەکلاکردنەوە، هەروەها بە شێوەیەکی ڕوون هەنگاوەکانی داهاتوو بۆ تەواوکردنی ئیستحقاقەکانی پێکهێنانی حکومەت دیاری بکات.
ڕۆژنامەی سەباح بڵاویکردەوە کە لە قۆناغی یەکلاکردنەوەدا، تیشک دەخرێتە سەر هاوسەنگی نێوان نوێنەرایەتی سیاسی و توانای کارگێڕی، بەمەبەستی دڵنیابوون لەوەی حکومەتی نوێ توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئابووری و ئەمنییەکان و جێبەجێکردنی پڕۆگرامە حکومییەکەی هەبێت.
هاوکات، (ئەنجومەنی سیاسی نیشتمانی) سوننەکان شەش ناوی بۆ سەرۆکایەتی پەرلەماندیاری کردووە. عەمار عەزاوی، ئەندامی هاوپەیمانی سیادە، ئاشکرای کرد کە ناوەکان بریتین لە؛ محەمەد حەلبووسی، سابت عەباسی، سالم عیساوی، مەحمود قەیسی، محەمەد تەمیم و موسەننا سامەڕائی.
عەزاوی ڕوونی کردەوە کە ئەو ناوانە هێشتا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ورد باس نەکراون و لەوانەیە لەسەر ناوی کەسێکی دەرەوەی ئەم کاندیدانەش ڕێکبکەون، بە مەرجێک ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر کاندیدێکی تاک بێت بۆ خێراکردنی پرۆسەی دیاریکردنی سەرۆکی پەرلەمان.
چوارچێوەی هەماهەنگی
سەرۆک وەزیرانی عێراق
عێراق
