پۆستی سەرۆک کۆمار بوەتە جێگای مشتومڕ، محەمەد حەلبوسی دەڵیت “پۆستی سەرۆک کۆمارمان دەوێت”، وەزیری دەرەوەی حکومەتی کاربەڕیکەری عێراق، فواد حسێن، دەڵێت ” پۆستی سەرۆک کۆمار هی کوردە و هەر بۆ کوردیش دەبێت”.
سێ شەممە، ١٨ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ١٧ تشرینی دووەمدا، لە لایەن کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە، سەرۆک و بەرپرسانی حزبە سیاسیەکان لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماری قسە دەکەن، ئەمڕۆ لە کۆڕبەندی مێپس لە زانکۆی ئەمریکیی – دهۆک، قسەی جیاواز هەبوو، سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق، محەمەد شیاع سودانی ڕایگەیاند “عورفی سیاسی تێک نادەین و پۆستی سەرۆک کۆماری بۆ کوردە”. لای خۆشیەوە سەرۆکی حزبی تەقەدوم، محەمەد حەلبوسی، ووتی “پۆستی سەرۆک کۆمارمان دەوێت”، وەزیری دەرەوەی عێراق، فواد حسێن، دەڵێت ” پۆستی سەرۆک کۆمار هی کوردە و هەر بۆ کوردیش دەبێت”.
ئەمە لە کاتێکدایە نەک تەنها لایەنە عێراقیەکان، لایەنەکانی هەرێمی کوردستانێش لەسەر پۆستەکە قسەیان هەیە، بەنگین ڕێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی کاربەڕێکەری عێراق، دەڵێت” پارتی کاندیدی دەبێت بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری”، لە هەمان کۆڕبەندا کە ئەو وەزیرە قسەی تێداکردوە، فازل میرانی، سکرتێری مەکتەبی پارتی دیموکراتی کوردستان ووتی” سەرۆک بارزانی سەرۆکی ئێمەیەو بڕیاردەرە، ئەو بڕیار دەدات کەسمان دەبێت بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری یاخود نا”.
بە پێی زانیارییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، هەتا ٢٠ ئەم مانگە کۆمسیۆن تانەکان لە ئەنجامی هەڵبژاردن وەردەگرێت و دوای دە ڕۆژ وەڵامی تانەکان دەدرێتەوە و ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن دەنێردرێت بۆ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، و لەوێوە بڕیاری کاتی یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەدرێت، لە پەرلەمانەوە پۆستی سەرۆک وەزیران و کۆمار یەکلا دەکرێتەوە، بە پێی ڕێکەوتنی لایەنە سیاسیەکان لە دوای ساڵی ٢٠٠٥ وە پۆستی سەرۆک کۆمار لە لای کورد و یەکێتی بوە.
عێراق
سەرۆک کۆمار
