پسپۆرێکی بواری کەشناسی پێشبینی دەکات ئەمساڵ لە مانگی ١٢ دا بەفرێکی زۆر زیاتر لە ساڵەکانی تر ببارێت و بەگشتی ساڵێکی سەخت بێت.
شاڵاو هیدایەت پسپۆری بواری کەشناسی پێشبینی دەکات لە مانگی ١٢ـی ئەمساڵ زستانێکی سەخت بەڕێوەیەو زوقم و شەختەیەكی هێندە تێدا دەبێت، كە چەند ساڵێکە وێنەی نەبووە و بەفر و بارانی زۆریشی لەگەڵ دا دەبێت.
شاڵاو هیدایەت پێشبینی دەکات لە مانگی ١٢ دا تەنانەت لە بەشێک ناوچەكان هێندە سەرمایەکەی توند بێت و شەختە و بەستنی زۆر ڕووبدات که زیان بە چەندین درەختی جۆراوجۆر بگەیەنێت و وشکیان بکات.
لە درێژەی قسەکانیدا دەشڵێت” پێشبینی دەکەین بەفربارینیش لە ئاستێکی پێویست و باشدا بێت بە جۆرێك لە هەرسێ زستانی ڕابردوو ڕێژەی دابارینی بەفر زیاتر بێت ئاستی بارانیش لە وەرزی زستاندا باش دەبێت و چەندین شەپۆلی بەهێزی تێدا دەبن کە کانیاو چەم و ڕوبارەکان دەژێنێتەوە”.
” ئەمساڵ ئاستی ئاوی ژێر زەوی زیاد دەکات و ئەو بیرانەی وشک بوون بەگشتی دەژێنەوە و بەشێکی بەنداوەکان سەر ڕێژ دەبن، بەڕای من ساردترین مانگەکان مانگی ١٢، ١، ٢ دەبن”. ( شاڵاو هیدایەت وا دەڵێت ).
ماوەی زیاتر پێج ساڵە هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە دەست وشکەساڵیەوە دەناڵێنن و دووچاری زەرەری گەورەی ئابوری و ژینگەیی بوونەتەوە، ئەمساڵیش کە باران بارین دواکەوت تا ئێستا مەترسی وشکە ساڵی هەیە.
