سەرچاوەیەک لە پرۆژەی ڕووناکی دەڵێت ” کارەبای نیشتیمانی لەماوەی ٢٤ کاتژمێری داهاتوودا دەگەڕێتەوە و ڕێگری لە هیچ خاوەن مۆلیدەیەک نەکراوە بۆ هەڵکردنی مۆلیدەکانیان”.
هەینی ٢٨ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، بە پێی هەواڵێکی کەناڵی ئاڤا، سەرچاوەیەک لە پرۆژەی ڕوناکیەوە زانیاری پێداون کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا کێشەی کارەبا چارەسەر دەبێت، هەر بە پێی هەواڵی هەمان سەرچاوە ئەردەلان دۆسکی، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، وتویەتی ” هاووڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە بەخێرایی کێشەکە چارەسەر دەکرێت، وێستگەکەش چاککراوەتەوە و لەماوەیەکی نزیک کارەبا دەگەڕێتەوە باری ئاسایی خۆی”.
لە هەمان کاتدا ئەم شەو وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا، ڕایگەیاند “هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە وەزارەتی کارەبا، شانبەشانی هەریەک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و هێزە ئەمنییەکان و دانا غاز هەوڵەکانیان چڕکردۆتەوە بۆ ئەوەی ئاستی بەرهەمهێنان ئاسایی ببێتەوە و بەزووترین کاتیش کارەبا بگەڕێتەوە نێو سەرجەم ماڵ و فرۆشتگا و کارگەکان، چونکە گەورەترین ئامانجمان سەلامەتی و ئاسوودەیی هاووڵاتیانی خۆمانە”.
کاتژمێر ١١:٣٠ خولەکەی شەوی ٢٦ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ و بە هۆیەوە کۆگایەکی گاز گڕیگرتوو و تا کاتژمێر ٩:٠٠بەیانی ڕۆژی دواتر ئاگرەکە بەردەوام بوو، ڕوداوەکە بوە هۆی کەمبونەوەی کارەبای هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی لە ٨٠٪، ئەم ڕوداوە کاردانەوەی لە ئاستی ناوخۆی و دەرەوەدا بەدواداهات.
پرۆژەی ڕووناکی
کێڵگەی غازی کۆڕمۆر
