مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان هۆشداری دەدات لە دەستکاریکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە ڕۆژی دووشەممە لەلایەن کۆمسیۆنەوە ڕاگەیەندرا و جەختی لەوە کردەوە کە ڕێگە بەم کارە نادات و هەڵوێستی جددی لە بەرامبەر هەر هەوڵێکی لەو جۆرەدا دەگرێتەبەر.
رۆژی سێشەممە، ١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و باس لە “هەواڵێک” کە باس لەوە دەکات هەوڵی “دەستوەردان و گۆڕین”ـی ئەنجامی هەڵبژاردن دەدرێت.
لە راگەیێندراوەکەدا مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەی بەوە کردووە کە “هەڵبژاردن لە کەشێکی دیموکراسی و شەفافانە ئەنجامدرا، لیست و قەوارە سیاسییەكان و کاندیدی كۆتاكان بەگوێرەی یاسا بەركارەكان و رێنماییەكان بەشدارییان كرد. كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دوای ئەنجامدانی رێكارە یاساییەكان ئەنجامی كۆتایی بەشێوەیەكی فەرمی راگەیاند.”
و دەڵێت”بەهیچ شێوەیەك دەستوەردان و گۆڕینی ئاكامەكانی هەڵبژاردن بە گشتی و كۆتاكان بەتایبەتی قبوڵكراو نییە و، بە هێڵی سووری دادەنێین.”
دەقی راگەیێندراوەکە:
راگەیێندراوێک لە مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە
هاووڵاتییانی بەڕێز…
هەروەكو ئاگادارن پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ لە رێكەوتی (11ـی11ـی 2025) لە كەش و هەوایەكی دیموكراسییانە و ئازادانە و بە رێكوپێكی و شەفافانە ئەنجامدرا و، لیست و قەوارە سیاسییەكان و کاندیدی كۆتاكان بەگوێرەی یاسا بەركارەكان و رێنماییەكان بەشدارییان كرد. كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دوای ئەنجامدانی رێكارە یاساییەكان ئەنجامی كۆتایی بەشێوەیەكی فەرمی راگەیاند.
ئێستاش لێرە و لەوێ گوێبیست دەبین كە هەواڵێك هەیە بۆ دەستوەردان لە ئاكامی هەڵبژاردن، بەتایبەتی كۆتاكان و گۆڕینی ئاكام و ئەنجامەکان! ئێمە لە مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیێنین، کە بەهیچ شێوەیەك دەستوەردان و گۆڕینی ئاكامەكانی هەڵبژاردن بە گشتی و كۆتاكان بەتایبەتی قبوڵكراو نییە و، بە هێڵی سووری دادەنێین. لە ئەگەری دەستوەردان و گۆڕانكاری لە ئەنجامە راگەیێندراوەکان لەلایەن كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، هەڵوێستی سیاسی جیدیمان دەبێت.
مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان
پارتی
هەرێمی کوردستان
هەڵبژاردن
