وەزیری ناوخۆی عێراق، عەبدولئەمیر شمەری، ئەمڕۆ یەکشەممە، دووپاتی کردەوە کە پڕۆسەی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی زۆر ڕێکخراو بەڕێوەدەچێت و بنکەکانی دەنگدان لەژێر چاودێرییەکی ورد و دۆخێکی شیاوی پارێزراویدان.
شمەری لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان وتی:” پڕۆسەی هەڵبژاردن بۆ دەنگدانی تایبەت لە بەغدا و سەرجەم پارێزگاکان بە شێوەیەکی زۆر شایستە بەڕێوەدەچێت، کە تیایدا کارمەندەکان بە شێوەی گرووپ یەک لە دوای یەک دەگوازرێنەوە بۆ بنکەکانی هەڵبژاردن لە ژێر سەرپەرشتی ئەفسەران، فەرماندەکان و سەرپەرشتیاران بە شێوەیەکی ڕێکخراو.”.
وتیشی ‘ دۆخی ئەمنی لە دەوروبەری سەرجەم بنکەکانی هەڵبژاردن باشە و بە تەواوی پارێزراوە، و کارەکان وەک خۆی بە پێی پلان بەڕێوەدەچن.”.
شمەری ئاماژەی بەوەشدا کە ” هەماهەنگییەکی کارا هەیە لە نێوان دەزگا ئەمنییەکان، ئەفسەرەکان و ئەو کەسانەی کە ئەرکی پاراستنی بنکەکان و کۆمسیۆنیان پێسپێردراوە.”.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ ، دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام دەدرێت، ڕۆژی سێشەممەش ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە سەرتاسەری عێراق بەڕێوەدەچێت.
بە وتەی جومانە غەلای، زیاتر لە ملیۆنێک و ٣٠٠ هەزار کەس لە رۆژی دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە.
لە هەڵبژاردنی ئەمساڵ، حەوت هەزار و ٧٦٨ بەربژێر کێبڕکێ لەسەر ٣٢٩ کورسی پەرلەمانی عێراق دەکەن، کە پێنج هەزار و ٥٢٠ بەربژێرییان پیاو و دوو هەزار و ٢٤٨ـیان ژنن، لە کۆی ٤٦ ملیۆنی دانیشتووانی عێراقیش تەنیا نزیکەی ٢١ ملیۆن دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە، لەکاتێکدا نزیکەی حەوت ملیۆن کەس ناتوانن بەشداری دەنگدان بکەن، بەهۆی نوێنەكردنەوەی زانیارییەكانیان.
عێراق
هەڵبژاردن
