وەزارەتی دارایی عێراق، بڕی خەرجییەکانی بۆ هەشت مانگی ڕابردوو ئاشكرادەکات و لەگەڵیشی بڕی پارەی خەرجکراو بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بڵاودەکاتەوە.
وەزارەتی دارایی عێراق لە دواین ڕاپۆرتیدا کە بڵاویکردەوە هاتووە” کۆی خەرجییەکانی عێراق لەماوەی هەشت مانگی ئەمساڵدا گەیشتوەتە ٨٧ ترلیۆن و ٤٧٨ ملیار دیناری عێراقی، لەکاتێکدا کە داهاتی ئەو هەشت مانگە ٧٣ ترلیۆن و ٨٢١ ملیار دینار بووە”
سەبارەت بە جۆرەکانی داهاتیش ئاماژەی بەوەکردوە، داهاتی نانەوتی عێراق لەهەشت مانگدا تەنیا هەشت ترلیۆن و ٥٥٥ ملیار دینار بووە، واتە داهاتی نانەوتی تەنیا ١٠٪ کۆی داهاتەکانی عێراقی پێکهێناوە.
لە بارەی هەرێمی کوردستانەوە، وەزارەتەکە دەڵێت” لە ٨ مانگی ڕابردوودا بڕی ٥ ترلیۆن و ٤٦٧ ملیار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج كراوە.”
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا باس لە خەرجییەکان کراوە و تێدا خەرجی وەبەرهێنان لەناو کۆی خەرجییەکاندا تەنیا ١٣ ترلیۆن و ٨٢٨ ملیار دینار بوە، بەڵام زیاتر لە ٧٠ ترلیۆن دیناری بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی بووە.
ئەمە لە کاتێکدایە، تائێستا مووچەی مانگی ٩ی مووچەخۆرانی هەرێم دابەشنەکراوە و چارەنووسی مووچەکانی هەریەک لە مانگی ١٠ و١١ و ١٢ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نادیارە.
مووچەی هەرێمی کوردستان
وەزارەتی دارایی
