دوای رازیبوونی بزووتنەوەی حەماس بە پلانەکەی سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە ئاشتی لە غەززە، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیش وتی” خۆیان بۆ جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەمی پلانەکە ئامادە دەکەن”.
دوای ئەوەی بزووتنەوەی حەماس ڕەزامەندی خۆی بە پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە ڕاگەیاند، هەرچەندە هێشتا هەڵوێستی لەسەر چەکدانان ڕوون نەبووەتەوە کە یەکێکە لە داواکارییە سەرەکییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل.
لای خۆشیەوە بنیامین ناتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند خۆیان بۆ جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەمی پلانەکەی سەرۆکی ئەمریکا ئامادە دەکەن و جەختیشیکردەوە کە هەماهەنگی تەواو دەکەن لەگەڵ ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە.
دۆناڵد ترەمپ فەرمانی بە ئیسرائیل دا کە دەستبەجێ بۆردومانکردنی غەززە ڕابگرێت، ئەویش دوای ئەوەی حەماس ڕایگەیاند بەشێک لە پلانەکەی ترەمپی قبوڵە و سەرجەم بارمتەکراوەکانیش ئازاد دەکات.
قۆناغی یەکەم پلانەکەی ترەمپ پێکدێت لە:
ڕاگەیاندنی ئاگربەستی دەستبەجێ، ئەگەر هەردوو لایەن بە پلانەکە ڕازی بوون
ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکراوەکان (بە زیندوو و مردووەوە) لە ماوەی 72 کاتژمێردا
ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل لە نێویشیاندا بۆردومان و تۆپبارانەکان لە کاتی ئاڵوگۆڕی بارمتەکراوەکاندا.
کشانەوەی قۆناغ بە قۆناغی ئیسرائیل لە بەرە ڕێککەوتنلەسەرکراوەکانی جەنگ
ئیسرائیل دیلە فەڵەستینییەکان ئازاد دەکات
ڕادەستکردنی بەڕێوەبردنی غەززە بە حکومەتێکی ڕاگوزەری تەکنۆکراتی فەڵەستینی کە لە ژێر چاودێری نێودەوڵەتیدا دەبێت، ئەنجومەنێکی ئاشتی نێودەوڵەتیش کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکایەتی دەکات، سەرپەرشتی ڕێکخستنی کاروباری ڕۆژانەی کەرتی غەززە دەکات.
ڕەوانەکردنی هاوکارییە مرۆییەکان و گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی وەک ئاو و کارەبا و لابردنی پاشماوەی بینا ڕووخاوەکان و بنیادنانەوەی ژێرخانی غەززە بە بێ بەشداری ئیسرائیل و حەماس.
ترەمپ
غەززە
حەماس
