وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە مەڵپەڕی “سپی” رایگەیاند ” ئەو بەنزینەی هەیە هی بازرگانیە، حکومەت خۆی بەنزینی کەمە، ئۆتۆمۆبیل زۆرە و بەکارهێنانی بەنزینیش زۆرە، لە دنیاشا وایە هەتا خواست زیاتر بێت لەسەر شتێک نرخی بەرز دەبێتەوە”.
سەلام عومەر وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی لە لێدوانێکی تایبەتدا، سەبارەت بە بەرزبونەوەی نرخی بەنزین بە مەڵپەڕی “سپی”، ووت ” لە هەرێمی کوردستاندا بازرگانەکان بەنزین دەهێنن لە وڵاتانی دیکەوە یاخود لە عێراقەوە وە ئەوانیش نرخەکەی بە پێی بازاڕی جیهانی و زۆری خواست دیاری دەکەن، حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕیژەیەکی کەم بەنزینی هەیە ئەو بەنزینە حکومیەی دابەش دەکرێت بەش ناکات و ڕێژەکەی کەمە بۆیە لەگڵ بەرزبونەوەی خواست و کەمی بەنزین نرخەکەشی زیاد دەکات”.
وتەبێژەکەی بەڕێوبەرایەتی نەوت و کانزاکان سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی کوالێتی ئەو بەنزینەی هەیە لە بەنزینخانە نا حکومیەکاندا، دەڵێت ” بە هاوکاری لیژنەکانی قایمقامیەت سەردانی بەنزینخانەکان دەکەین و کۆنترۆڵی کوالێتی بەنزینەکان دەکەین، ئەو بەنزینەی لە پشکنیندا دەرنەچێت ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەر خاوەنی بەنزینخانەکە دەگرینە بەر، هەندێک بەنزینخانە خەڵک زیاتر ڕویان تێدەکات، هەموو ئەو بەنزینەی لە پشکنیندا دەردەچێت کێشەی نیە بۆ بەکارهێنان، بەڵام هەندێکیان کوالێتی بەنزینیان بەرزترە لە ڕێژەی دیاریکراو، بۆیە هاوڵاتیان زیاتر ڕویان تێدەکات”.
١٦تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستاندا بۆ هەرسێ جۆرەکەی ٥٠ دینار بەرزبۆوە، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی ئەوکات ڕایگەیاند” حکومەت خستنەڕووی بەنزین و سوتەمەنی لە بازاڕەکاندا کەمکردوەتەوە”.
نرخی بەنزین
