وەزارەتی کارەبای عێراق ڕایگەیاند “ماوەی سێ ڕۆژە بە هۆی چاکسازیەوە هەناردەی گازی ئێران بۆ عێراق بە تەواوی وەستاوە و چوار ڕۆژی دیکە دەست پێ دەکاتەوە”.
هەینی، ٢٨ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، لە لایەن ئێرانەوە وەزارەتی کارەبای عێراقی ئاگادارکردوەتەوە، کە بە هۆی کاری چاکسازی لە بۆری گواستنەوەی گاز لە ناو خاکی ئێران، بۆ ماوەی هەفتەیەک بە تەوای دەوەستێت، و ئێستا سێ ڕۆژ بەسەر وەستانی گازەکەدا تێپەڕیوە، دوای چوار ڕۆژی دیکە هەناردەکردنەکە ئاسایی دەبێتەوە.
لە ئێستادا لە عێراق بۆ ئەوەی کارەبا کەم نەبێتەوە، پەنا بۆ یەدەگی گاز براوە، لەو بارەیەوە ئەحمەد موسا، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ڕایگەیاند “بۆ ئەوەی ڕێگە لە کەمبوونەوەی کارەبا بگیرێت، پەنا بۆ بەکارهێنانی سووتەمەنیی بەدیلی خۆماڵی براوە بۆ وێستگەکان، بەڵام ئەم چارەسەرە وێستگەکانی مەنسورییە، سەدری غازی و بەسمایە، ناگرێتەوە، چونکە ئەو وێستگانە تەنیا لەسەر گاز کار دەکەن”.
دوو لەسەر سێی وێستگەکانی کارەبا لە عێراقدا پشت بە گازی هاوردەی ئێرانی دەبەستێت.
