هێزەکانی سووریای دیموکرات هۆشداری دەدات لە پەلاماری گروپە توندڕەوەکانی ئەحمەد شەرع و دەیانەوێت دەست بەسەر زیندانێکدا بگرن کە دەستگیرکراوانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشی تێدایە.
ئەمڕۆ دووشەممە، هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایگەیاند، سەرەڕای ڕێککەوتنی ڕاگەیەندراو بۆ ئاگربەست و ئەو بەیاننامانەی لەو بارەیەوە بڵاوکراونەتەوە، گروپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق بەردەوامن لە هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانمان لە هەر یەک لە عەین عیسا، شەدادی و ڕەققە.
ڕاشیگەیاند” لە ئێستاشدا، پێکدادانی سەخت لە نێوان هێزەکانمان و ئەو گروپانە لە دەوروبەری زیندانی ئەلئەقتان لە ڕەققە لە ئارادایە، کە دەستگیرکراوانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشی تێدایە، ئەمەش پێشهاتێکی یەکجار مەترسیدارە”.
لە ڕاگەیەندراوەکەی هەسەدەدا هاتووە” ئێمە بۆ ڕای گشتی دووپات دەکەینەوە کە ئاستی هەڕەشەکان بە شێوەیەکی بەرچاو ڕوو لە زیادبوونە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەو گروپانە هەوڵ دەدەن بگەنە زیندانەکە و کۆنترۆڵکردنی؛ کە ئەنجامەکەی لێکەوتەی ئەمنی مەترسیداری لێ دەکەوێتەوە و هەڕەشە لە سەقامگیری دەکات و ڕێگا خۆش دەکات بۆ گەڕانەوەی پشێوی و تیرۆر”.
هەسەدە ڕایگەیاند، ” ئێمە ئەم ڕاستیانە دەخەینە بەردەم ڕای گشتی و لایەنە دەستدرێژیکارەکان بە تەواوی بەرپرسیار دەبن لە هەر دەرئەنجامێکی کارەساتبار کە بەهۆی بەردەوامی ئەم هێرشانەوە بێتە ئاراوە.”
هەسەدە
سوریا
رۆژئاوای کوردستان
