هەرێمی کوردستان لەنێوان بەرداشی شەڕی دوو هێز

جار خوێندراوەتەوە : (4)

فەرمان ساڵح

دوای بۆردوومانەکانی ئەمریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، شەڕی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئیسرائیل گەیشتووەتە خاڵێکی وەرچەرخانی مەترسیدار، کە نەک هەر چارەنووسی هەردوو وڵات، بەڵکو ئارامی و سەقامگیریی تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهانی خستووەتە بەردەم هەڕەشەیەکی راستەقینە. ئەو ململانێیەی کە بۆ ماوەی چوار دەیە لەژێر ناوی “شەڕی سێبەر”دا بەڕێوە دەچوو، ئێستا خەریکە پەردە لەسەر رووی خۆی لادەدات و جیهان بە نیگەرانییەکی قووڵەوە چاودێری دەکات. بۆ تێگەیشتن لە قووڵایی ئەم قەیرانە، پێویستە لە سێ رەهەندی سەرەکییەوە لێی بڕوانین، رەگ و ریشەی ململانێکە، هاوسەنگیی هێزی سەربازی و دۆخی ناوخۆیی، کاریگەرییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان.

پێش شۆڕشی ئیسلامیی ساڵی 1979، ئێران لە سەردەمی شادا یەکێک بوو لە هاوپەیمانە ستراتیژییەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکە دا، بەڵام هاتنە دەسەڵاتی خومەینی و دروستبوونی کۆماری ئیسلامی، ئەم هاوکێشەیەی بە تەواوی پێچەوانە کردەوە. ئایدیۆلۆژیای نوێی تاران، ئیسرائیلی وەک “شەیتانی بچووک” و “غودەیەکی شێرپەنجەیی” پێناسە کرد، کە دەبێت لەنێو ببرێت. لەو کاتەوە، دووژمنایەتی نێوان هەردوو وڵات بووەتە یەکێک لە بنەما نەگۆڕەکانی سیاسەتی دەرەوەیان، دوای بۆردوومانی بنکە ئەتۆمییەکانیش سەرۆکی ئەمریکا بە ئاشکرا باسی سیاسەتی دژایەتیکردنی ئێرانی کرد بەرامبەر ئەمریکا و ئیسرائیل و گوتی، “50 ساڵە ئێران دەڵێت مەرگ بۆ ئەمریکا، مەرگ بۆ ئیسرائیل”.

بۆ ئیسرائیل، ئەم دووژمنایەتییە لە دوو بواری سەرەکیدا خۆی دەبینێتەوە، کە وەک “هەڕەشەی بوون” سەیریان دەکات.

بەرنامە ناوەکییەکەی ئێران:  تەل ئەڤیڤ پێی وابوو گەیشتنی ئێران بە چەکی ناوەکی، نەک تەنیا هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا تێکدەدات، بەڵکو هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر مانەوەی دەوڵەتی ئیسرائیل. بۆیە لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی نهێنی، هێرشی ئەلیکترۆنی و گوشاری دیپلۆماسییەوە، هەموو هەوڵێکی داوە بۆ پەکخستنی ئەم بەرنامەیە. تاوەکو دواجار بەهاوکاری ئەمریکا بەرنامە ئەتۆمییەکەی پەکخست.

تۆڕی گرووپە چەکدارەکان (پرۆکسی):  ئێران لە رێگەی پاڵپشتیی دارایی، سەربازی و لۆجستی بۆ گرووپەکانی وەک حیزبوڵڵای لوبنان، حەماسی فەلەستین، حوسییەکانی یەمەن و میلیشیاکانی عێراق و سووریا، “ئیمپراتۆریەتێکی کاریگەری” لە دەوری ئیسرائیل دروست کردووە. ئەمە وایکردووە ئیسرائیل لە چەندین بەرەوە رووبەڕووی هەڕەشە ببێتەوە و توانای ئێران بۆ گورزوەشاندن بەبێ بەکارهێنانی راستەوخۆی خاکی خۆی، زیاد بکات.

ئامانجەکانی ئیسرائیل، چ بە ئاشکرا و چ بە نهێنی، روونن و بریتین لە کەمکردنەوەی توانای سەربازی و ئەتۆمیی ئێران، گۆڕینی هاوسەنگیی هێز لە بەرژەوەندیی خۆی و لە باشترین حاڵەتدا، رووخاندنی رژێمی ئیسلامی لە تاران، بۆ ئەوەی سێیەمیان، کە رووخاندنی دەسەڵاتی سیاسییە، ئیسرائیل تاوەکو ئێستا ئەمەی بە روونی نەگوتووە، تەنیا ئەوەندە دەڵێت، رووخانی رژێم ئامانج نییە، بەڵکو ئەنجامە.

لە روانگەیەکی سەربازییەوە، هاوکێشەکە ئاڵۆزە. ئێران خاوەنی یەکێک لە گەورەترین جبەخانەکانی مووشەکی بالیستی و دوورهاوێژە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، هەروەها سوپایەکی گەورە و تۆڕێکی بەرفراوانی هێزی پرۆکسی هەیە، بەڵام لە بەرامبەردا، ئیسرائیل لە چەندین رووی ستراتیژییەوە باڵادەستە.

باڵادەستیی تەکنەلۆژی: سوپای ئیسرائیل خاوەنی پێشکەوتووترین سیستمی بەرگریی ئاسمانییە لە جیهاندا (وەک گومەزی ئاسنین، مقلاعی داود و سیستمی خەت)، هەروەها هێزێکی ئاسمانیی زۆر پێشکەوتوو و توانای هێرشی ئەلیکترۆنیی بەهێزی هەیە.

باڵادەستیی هەواڵگری: مۆساد و دەزگا هەواڵگرییەکانی دیکەی ئیسرائیل، توانایەکی بەرچاویان لە کۆکردنەوەی زانیاری و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی نهێنی لەنێو خاکی ئێراندا نیشان داوە.

پشتیوانیی نێودەوڵەتی: ئیسرائیل هاوپەیمانی ستراتیژیی ئەمریکایە و لە کاتی قەیرانەکاندا دەتوانێت پشت بە پشتیوانیی سیاسی، سەربازی و لۆجستیی واشنتن و وڵاتانی رۆژئاوا ببەستێت.

بەم پێیە، ئەگەری سەرکەوتنی ئیسرائیل لە پێکدادانێکی سەربازیی راستەوخۆدا زیاترە، بەڵام ئەم سەرکەوتنە “سەرکەوتنێکی گران دەبێت؛ واتە تێچووەکانی ئەوەندە گەورە و زۆر دەبن کە لەوانەیە خودی سەرکەوتنەکە بێ مانا بکەن. وەڵامدانەوەی ئێران لە رێگەی پرۆکسییەکانیەوە دەتوانێت ئیسرائیل و تەواوی ناوچەکە بخاتە ناو گێژاوێکی خوێناوییەوە و ئەمریکاش زیاتر بێتە نێو ئەو جەنگەوە.

یەکێک لە گەورەترین خاڵە لاوازەکانی ئێران، دۆخی ناوخۆیەتی. کۆمەڵگەی ئێران لەژێر بارێکی دەروونی و ئابووریی قورسدا دەژی. ئەمەش وایکردووە درزێکی قووڵ لە نێوان دەسەڵات و خەڵکدا دروست ببێت. هەرچەندە سیستمی سیاسیی ئێران بەهۆی تۆکمەیی دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکانیەوە (وەک سوپای پاسداران و بەسیج) تاوەکو ئێستا توانیویەتی هەموو بزووتنەوەیەکی ناڕەزایەتی سەرکوت بکات، بەڵام ئەم گوشارە ناوخۆییە وەک گڕکانێکی خەوتوو وایە، کە هەر پێکدادانێکی گەورەی دەرەکی دەتوانێت بیوروژێنێت.

لەم هاوکێشە ئاڵۆزەدا، هەرێمی کوردستان لە یەکێک لە هەستیارترین پێگە جوگرافییەکاندا هەڵکەوتووە. نزیکی لە ئێران و بوونی پەیوەندیی ئابووریی بەهێز لەگەڵیدا لە لایەک و بوونی هێزەکانی ئەمریکا و پەیوەندی ستراتیژی لەگەڵ رۆژئاوا لە لایەکی دیکەوە، وایکردووە هەرێمی کوردستان بکەوێتە نێوان بەرداشی دوو هێزی ناکۆکەوە.

هاوکات وڵاتانی دیکەی ناوچەکە وەک عێراق، لوبنان و یەمەن، کە گۆڕەپانی سەرەکیی ململانێی ئێران و ئیسرائیلن، لە دۆخێکی زۆر ناسک و ناجێگیردان. حکومەتە ناوەندییەکانیان لاوازن و ناتوانن ببنە پاڵپشتێکی کاریگەر بۆ ئێران، بەڵام بوونی گرووپە چەکدارە بەهێزەکان لەم وڵاتانەدا وا دەکات ببنە کارتی گوشار و سەرچاوەی هەڕەشە بۆ بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا.

شەڕی ئێستا لەسەر لێواری هەڵدێرێکە. هەرچەندە گورزی گەورە بەر ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران کەوتووە، بەڵام ئیسرائیل بە ئامانجی لاوازکردنی ستراتیژیی ئێران هەنگاو دەنێت، لە بەرامبەردا ئەگەر شەڕەکە فراوان بێت ئێران هەوڵ دەدات لە رێگەی تۆڕی پرۆکسییەکانیەوە گورز بوەشێنێت و خۆی لە پێکدادانی راستەوخۆ بپارێزێت، بەڵام ئەم ستراتیژییەش تاوەکو دێت کەمتر کاریگەر دەبێت.

ئەم جەنگە دەتوانێت کاریگەرییەکی قووڵ و درێژخایەنی لەسەر نەخشەی سیاسی و ئابووریی ناوچەکە هەبێت. چارەنووسی وڵاتانی ناوچەکە نادیارە، بەڵام ئەوەی روونە ئەوەیە کە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەبەردەم مەترسییەکی گەورەدایە.

لەم هاوکێشە ئاڵۆزەدا، هەرێمی کوردستان وەک کارەکتەرێکی نادەوڵەتی، بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافییە ستراتیژییەکەیەوە، راستەوخۆ کەوتووەتە سەر هێڵی تەماسی ئەم ئاگرە مەترسیدارە. هەرێمی کوردستان نە خاوەنی سەروەریی تەواوی دەوڵەتێکی دانپێدانراوە تاوەکو بتوانێت لە رێگەی یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە پارێزبەندی بۆ خۆی دابین بکات، نە هێندەش لە چەقی ململانێکانەوە دوورە تاوەکو  پڕیشکی ئەم شەڕە بەرینەکەوێت. بۆیە گرنگە ئێستا زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە، رەچاوی بەرژەوەندییەکانی خۆی بکات بە ژیری و نەرمینواندنی دیپلۆماسی و لە سەرووی هەمووشیانەوە، یەکڕیزیی نێوخۆیی.

یەکەم و گرنگترین ئەرکی سەرشانی سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەم قۆناخەدا، هیچی دیکە نییە جگە لە کارکردنی خێرا و جیدی بۆ بەدیهێنانی یەکڕیزییەکی راستەقینە لە نێو ماڵی کورددا. مێژوو سەلماندوویەتی گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر هەر قەوارەیەک، بەتایبەت قەوارە نادەوڵەتییەکان، لە کاتی قەیرانی دەرەکیدا، پەرتەوازەیی و ناکۆکیی نێوخۆییە. کاتێک دووژمن و نەیارە دەرەکییەکان هەست بکەن بەرەیەکی ناوخۆیی یەکگرتوو و هاوڕا بوونی نییە، زۆر بە ئاسانی دەتوانن لە رێگەی کەلێنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانەوە دەستوەردان بکەن، لایەنەکان بەگژ یەکدا بکەن و ئەجێنداکانی خۆیان لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکەن. یەکگرتوویی تەنیا دروشمێکی سیاسی نییە، بەڵکو بەربەستێکی پۆڵایینە، کە دەتوانێت هێزە دەرەکییەکان ناچار بکات بە رێزەوە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکەن. کاتێک پارتە سیاسییەکان، هێزە چەکدارەکان و تەنانەت گوتاری میدیایی و رۆشنبیریی کوردیش یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بن بەرامبەر بە مەترسییە دەرەکییەکان، ئەو کاتە هەرێمی کوردستان وەک یەکەیەکی سیاسیی بەهێز دەردەکەوێت، کە حیساباتی تایبەتی بۆ دەکرێت. لەم دۆخەدا، ناکۆکییە لاوەکییەکان و ململانێی حیزبی دەبێت وەلا بنرێن و بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی، کە بریتییە لە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و سەلامەتیی گیانی هاووڵاتییان، بکرێتە پێشینەی هەموو کارەکان.

هاوکات لەگەڵ پتەوکردنی بەرەی نێوخۆ، ستراتیژیەتی دووەمی هەرێمی کوردستان دەبێت بریتی بێت لە خۆبەدوورگرتنێکی ژیرانە لە تێوەگلانی راستەوخۆ لەم جەنگەدا. هەرێمی کوردستان نابێت بە هیچ شێوەیەک رێگە بدات خاکەکەی ببێتە گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوان تاران و تەل ئەڤیڤ، یان هەر هێزێکی دیکەی هەرێمی و نێودەوڵەتی. ئەمە ئەرکێکی ئاسان نییە، چونکە گوشارەکان لە هەموو لایەکەوە زۆرن. لایەنە ناکۆکەکان هەوڵ دەدەن هەرێمی کوردستان بکەنە بەشێک لە هاوکێشەکانی خۆیان، جا چ لە رێگەی گوشاری سیاسی و ئابوورییەوە بێت، یان لە رێگەی بەکارهێنانی گرووپە نزیکەکان لە خۆیانەوە. سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان پێویستی بە دیپلۆماسییەتێکی زۆر نەرم و هاوسەنگ هەیە، لە لایەکەوە دەبێت پەیوەندییە مێژوویی و جوگرافییەکانی لەگەڵ ئێران و وڵاتانی دراوسێ بپارێزێت، لە لایەکی دیکەشەوە پەیوەندییە ستراتیژییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانە رۆژئاواییەکان، لەبەرچاو بگرێت. سیاسەتی “هاوسەنگیی ئەرێنی” و دوورکەوتنەوە لە لایەنگیریی ئاشکرا، تاکە رێگەیە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان نەبێتە ئامانجی راستەوخۆی هیچ لایەنێک. هەر هەنگاوێکی هەڵە یان لێدوانێکی سیاسیی بێ بەرنامە، دەکرێت وەک بیانوویەک بەکار بهێنرێت بۆ هێرشکردنە سەری و تێکدانی ئەو ئارامییەی بووەتە جێی شانازیی خەڵکەکەی.

لەلایەکی دیکەوە، ژیریی سیاسی تەنیا بە یەکڕیزی و بێلایەنی سنووردار نابێت، بەڵکو پێویستی بە چاودێرییەکی وردی بەردەوام و ئامادەکردنی پلانی فرەجۆر هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەگەرەکان. دەبێت دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانەوە تا دەگاتە تیمەکانی بەڕێوەبردنی قەیران، بە شێوەیەکی بەردەوام چاودێریی جووڵە سەربازییەکان، گۆڕانکارییە سیاسییەکان و لێدوانە میدیاییەکانی لایەنە ناکۆکەکان بکەن. دەبێت لیژنەیەکی باڵای پسپۆڕ هەبێت، کە سیناریۆ جیاوازەکان دابڕێژێت و بۆ هەر یەکێکیان پلانی گونجاو ئامادە بکات. پلان بۆ دۆخی ئاسایی و دیپلۆماسی، بۆ حاڵەتی بەکارهێنانی ئاسمانی هەرێمی کوردستان بۆ هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، پلان بۆ خراپترین سیناریۆ کە بریتییە لە رووبەڕووبوونەوەی سەربازیی بەرفراوان لە نزیک سنوورەکانی هەرێمی کوردستان، یان هاتنی شەپۆلێکی نوێی ئاوارە. ئامادەکاری بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان بۆ هاووڵاتیان، پاراستنی دامەزراوە ستراتیژییەکان وەک کێڵگە نەوتی و گازییەکان و هەبوونی هێڵێکی پەیوەندیی کراوە لەگەڵ بەغدا و هێزە نێودەوڵەتییەکان، بەشێکن لەم پلانە گشتگیرە. چاوەڕوانکردنی رووداوەکان بەبێ ئامادەکاری، گەورەترین هەڵەی ستراتیژییە کە دەکرێت قەوارەیەکی وەک هەرێمی کوردستان تێی بکەوێت.

هەرێمی کوردستان دەکرێت بە ژیری و یەکڕیزی و دووربینی، ئەم قۆناخە مەترسیدارە تێپەڕێنێت و وەک قەوارەیەکی سیاسیی پێگەیشتوو و خاوەن ئیرادە لە گۆڕەپانەکەدا بمێنێتەوە. هەروەها دەشکرێت بەهۆی پەرتەوازەیی نێوخۆیی و حیساباتی هەڵەوە، ببێتە قوربانیی یاریی گەورەکان و ئەو دەستکەوتانەی کە بە خوێنی هەزاران شەهید بەدەست هاتوون، بکەونە بەر مەترسیی لەنێوچوون. بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی لە ئەستۆی سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان دایە، کە لە ئاستی ئەم هەڕەشانەدا بن و بە یەکگرتوویی، نیشتمان لەم گەردەلوولە گەورەیە بە سەلامەتی دەرباز بکەن.

کۆمێنت بۆ بابەتەکە بنووسە

ناونیشانی ئیمەیڵی تۆ بڵاو ناکرێتەوە. خانەکانى پێویست بە پڕ بکرێنەوە * نیشان دەدرێن.