ئیسماعیل قائانی فهرماندهی فهیلهقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، بهسەردانێکی نهێنی خۆی گهیانده شاری بەغداو، میدیا عێراقییەکانیش هۆکاری ئەم سەردانە بەپەلەیە بۆ پەیوەندی تەلەفۆنی نێوان وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و سودانی دەگەڕێننەوە.
بە پێی راپۆرتی میدیا عێراقییەکان، ئیسماعیل قائانی كاتێك چوهته بەغدا، لەوێ لەگەڵ ژمارەیەک لەسەرکردەی هێزە سیاسییە شیعەکانو گروپە چەکدارەکان کۆبوەوە، لەسەردانێکدا کە سروشتی ڕون نییە، بهڵام بهدیاریكراوی نازانرێت کە قائانی لەگەڵ کام سەرکردە کۆبوەتەوە.
بە پێی زانیارییەکان، ناکۆکییەکان لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی پەرەیانسەندوە، ئەمەش پەیوەندیی بەبەکارهێنانی سەرچاوەکانی دەوڵەتو کاریگەریی سیاسیی لەبانگەشەی هەڵبژاردندا بۆ بەرژەوەندیی ژمارەیەک لەلیستەکانی ناو چوارچێوەکە هەیە، لەکاتێکدا لایەنە ئێرانییەکان هاتبونەسەر خەت بۆ نێوەندگیرییو کۆنترۆڵکردنی گرژییەکان.
بە پێی ئەو راپۆرتانە سەردانەکەی قائانی لەکاتێکدایە کە دوێنێ سێشهممه، تۆمی پیگۆت جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشكرایكرد، مارکۆ ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیو محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەتەلەفۆن قسەیانکردوە.
ئهوهش هاتوه، “ڕوبیۆو سودانی باسیان لەهەوڵەکانیان بۆ تەواوکردنی ڕێککەوتنی بازرگانیی نێوانیان کردوەتەوە، هاوکات وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەگرنگیی دەستبەجێی چەککردنی ئەو گروپە چەکدارانە کردەوە کە بونەتە هۆی لاوازکردنی سەروەریی عێراقو هەڕەشە بۆسەر ژیانو بازرگانی ئەمریکیو عێراقییەکانو تاڵانکردنی سەرچاوە داراییەکان”.
قائانی
ئێران
عێراق
ئەمریکا
