هاوسەرۆكی دەم پارتی ڕایدەگەیەنێت، هەڕەشەكانی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان قبوڵكراو نین و پێویستە پرسی كورد لە توركیا و سووریا پێكەوە چارەسەر بكرێن.
ئەم وتانەی تولای هاتیمئۆغوڵڵاری وەڵامێك بوو بۆ هەڕەشەكانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا و دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە، لەسەر ڕۆژئاوای كوردستان.
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری لە كۆبوونەوەی هاوسەرۆكانی رێكخستنەكانی پارتەكەی لە ئەنقەرە، جەختی كردەوە، كە هەڕەشەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان قبوڵكراو نین.
ئەو ئاماژەی بەوەدا، كە داواكارییەكانی توركیا بۆ تێكەڵكردنی كورد بە دەسەڵاتی نوێی سووریا ڕێبازێكی هەڵەیە، بەتایبەتی دوای ئەوەی ڕێككەوتنی 10ی ئازار بووە هۆی كوشتن و ئاوارەبوونی ژمارەیەكی زۆری عەلەوی و درووز.
وتیشی، كە پرسی كورد لە توركیا و سووریا پێكەوە چارەسەر بكرێن و ناكرێت توركیا لەلایەك باسی رێگەچارەی ئاشتی لەگەڵ كورد بكات و لە لایەكی دیكە دەستوەردان لە كاروباری سووریا بكات”.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە لەكاتی یادی شەڕی مەلازگرد لە 26ی ئابی 2025، ئەردۆغان هەڕەشەی لە هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) كرد و وتی: “شمشێر لە كەلان دەربچێت، شوێن بۆ وشە و قەڵەم نامێنێتەوە.”
دواتریش لە 3ی ئەیلول، دەوڵەت باخچەلی هۆشداریدایە هەسەدە و ئەویش وتی، “ئەگەر ڕێككەوتنەكەی لەگەڵ دیمەشق جێبەجێ نەكەن، ئەوا توركیا ناچار دەبێت لەگەڵ دیمەشقدا پەنا بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازیی هاوبەش ببات”.
