سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پەیامێک ئاڕاستەی خەڵکی غەززە دەکات و دەڵێت”غەززە چۆڵ بکەن لێرەوە هێرشەکان دەستپێدەکات”.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی دووشەممە داوای لە دانیشتوانی غەززە کرد بچنە دەرەوە و جەختی لەوە کردەوە، کە ئەوەی سوپای ئیسرائیل تا ئێستا لە شاری غەززە کردوویەتی، تەنیا پێشەکییەکە بۆ ئۆپەراسیۆنی سەرەکی و چڕ.
ناتانیاهۆ ڕایگەیاند، ئێستا لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی هێزی ئاسمانیم، چەند ڕۆژێک پێش ئێستا بەڵێنم دا، کە تاوەرە تیرۆریستییەکان لە غەززە دادەبەزێنین، ئێمە ڕێک ئەوە دەکەین، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا 50 تاوەری لەو جۆرە خراونەتە خوارەوە، هێزی ئاسمانی کارەکەیان بەباشی کردووە.
ناتانیاهۆ وتیشی”ئێستا، هەموو ئەمانە تەنها پێشەکییەکە، تەنها سەرەتایەکە، بۆ ئۆپەراسیۆنی سەرەکی و چڕ. ئەوە مانۆڕێکی زەمینییە لەلایەن هێزەکانمانەوە کە ئێستا خۆیان ئامادە دەکەن و کۆدەبنەوە بۆ چوونە ناو شاری غەززە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، بۆیە بە دانیشتوانی غەززە دەڵێم، ئەم دەرفەتە دەقۆزمەوە و بە وردی گوێم لێبگرن، ئێوە بینیتان و ئاگادارکراونەتەوە، لەوێ دەربچن.
ناتانیاهۆ وتی: ئێمە لە سێ کەمپی پەنابەران لە کەرتی ڕۆژئاوا شوێنپێی حەماسمان نەهێشتووە، فەرمانیشم کردووە لەو جیگایانەی تردا هەمان کار بکەین بۆ کۆتاییهێنانی تەواوەتی بە حەماس.
