دەسەڵاتدارانی خۆجێیی مەغریب ئەمڕۆ دووشەممە ڕایانگەیاند” لە شاری سەفی لە کەناراوەکانی مەغریب، ٢١ کەس گیانیان لەدەستداوە، بەهۆی ئەوەی لافاوێکی خێرا بەهۆی بارانبارینی بەخوڕەوە دەستیپێکردووە”.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی دەسەڵاتدارانی شاری سەفی کە نزیکەی ٣٠٠ کیلۆمەتر لە باشووری ڕەبەتەوە دوورە، لە ماوەی یەک کاتژمێردا هەورە تریشقە وبارانی بەهێز کەوتووەتەوە و بەهۆیەوە لافاوێکی خێرا دروستبووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ٣٢ کەس برینداربوون و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شار، زۆربەیان دوای وەرگرتنی چارەسەر دەرچوون و ٢١ کەسیش گیانیان لەدەستداوە. هەروەها بەهۆی لافاوەکە ٧٠ ماڵ و شوێنی بازرگانی لە شارە کۆنەکەدا ژێرئاو کەوتووە و ١٠ ئۆتۆمبێلی بردووە و زیانی بە بەشێکی ڕێگاکە گەیاندووە و هاتوچۆی پەککەوتووە.
ئەو وێنانەی لە سۆشیال میدیا بڵاوکراونەتەوە، دەرکەوتووە کە لافاوێک ئاوی قوڕاوی بە شەقامەکانی شاری سەفیدا دەڕژێت و ئۆتۆمبێل و پاشماوەی خۆی لەگەڵ خۆیدا بردووە.
دەسەڵاتداران پشتڕاستیان کردەوە کە هەوڵەکان بۆ گەڕان بەدوای ئەگەری ونبووەکان بەردەوامن و کاردەکەن بۆ پاراستنی ناوچە زیانلێکەوتووەکان و پێشکەشکردنی پشتیوانی و هاوکاری بۆ ئەوانەی زیانیان بەرکەوتووە.
لافاو
بارانبارین
هەرێمی کوردستان
