لە هەڵبژاردنی رۆژی ١١ ی تشرینی دووەمی پەرلەمانی عێراق ئەو لیستانەی سەر بە میلیشیا وەلائییەکان ناسراون ٥٨ کورسی پەرلەمانیان بە دەستهێناوە.
بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، چوار گرووپی چەکداری نێو حەشدی شەعبی لە رێگەی باڵی سیاسیی خۆیانەوە ٥٨ کورسییان بەدەستهێناوە کە رێژەی ١٧٪ دەکات لە پەرلەمانی عێراق.
لیستی حقوق کە باڵی سیاسیی کەتیبەکانی حیزبوڵای عێراقییە، ٦ کورسی بەدەستهێناوە، بزوتنەوەی سادیقون کە باڵی سیاسیی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەقە بە سەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی، ٢٦ کورسی لە خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق ٩ کورسی بەدەستهێنابوو.
لیستی هاوپەیمانیی خەدەمات کە سەر بە کەتیبەکانی ئیمام عەلییە و لەلایەن شیبل زەیدییەوە سەرۆکایەتی دەکرێ ٥ کورسی بەدەستهێنا.
لیستی رێکخراوی بەدر کە لەلایەن هادی عامرییەوە سەرۆکایەتی دەکرێ، لەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی عێراق ١٩ کورسی بەدەستهێناوە.
بزوتنەوەی بابلیون کە سەر بە رەیان کلدانییە و یەکێکە لە بەشدارانی حەشدی شەعبی، لەم هەڵبژاردنەدا ٢ کورسی کۆتای کریستیانەکانی بەدەستهێنا، لە هەڵبژاردنی پێشوودا چوار ئەندامی کۆتای کریستیانەکان هەبوو.
لەلایەکی ترەوە حزبە شیعە تەقلیدییەکانی وەک هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی، ٣٠ کورسی بەدەستهێناوە، لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنی پێشوو ٣٣ کورسی هەبوو.
لسیتی عەمار حەکیم توانیووەیەتی ١٨ کورسی بەدەستبهێنێت هەڵبژاردنی پێشوودا ٤ کورسی هەبوو.
ئیشراقەی کانوون ژمارەی کورسییەکانی گەیاندە ٧ کورسی.
هاوپەیمانی تەسمیم کە ئەسعەد عیدانی، ئەمینداری گشتییەتی، ژمارەی کورسییەکانی بۆ خولی شەشەم کردە ٧ کورسی، لە کاتێکدا لە خولی پێشتر ٥ کورسی بوو.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق
میلیشیاکانی سەر بە ئێران
کورسی پەرلەمان
