لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا هەزار و ٣١٣ کەس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەسێدارە دراون، و کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوامە لە هەوڵی بێدەنگکردنی دەنگە ناڕازییەکان.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی هەڵمەتی (سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان)، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ـەوە تا ئێستا زیاتر لە هەزار کەس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەسێدارە دراون”.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا قوربانیانی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ بە بیر هێنراوەتەوە کە لەسەر دەستی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لەپێناو ئازادی و شکۆی مرۆڤایەتیدا کوژران ئاماژە بەوەشکراوە کە لە شۆڕشی ٢٠١٩، تا شۆڕشی (ژن ژیان ئازادی) گەلانی کورد و ئێران لە تێکۆشان نەوەستاون، سەرەڕای دەیان ساڵ لە سەرکوتکردن، هەڵاواردن و کوشتن، ئیرادەی گەل سەلماندی کە ناکوژێتەوە”.
هەڵمەتی (سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان) لە ڕاگەیاندراوەکەدا جەختی لەوە کردووەتەوە، دەنگی دادپەروەری ڕووبەڕووی سەرکوتکردن، زیندان، ئەشکەنجەدان و لەسێدارەدان دەبێتەوە، ڕژێمی ئێران تا ڕادەیەکی بێ وێنە هەڵمەتەکانی لەسێدارەدانی چڕتر کردووەتەوە و هەوڵی بێدەنگکردنی هەموو دەنگێکی ناڕازی دەدات.
هەڵمەتی( سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان) لە ٩ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ وەک ناڕەزایەتییەک دژی لەسێدارەدانی دەستبەسەرکراوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دامەزرا، کە هەموو ڕۆژانی سێشەممەیەك ئەندامانی هەڵمەتەکە دەست بە مانگرتن لە خواردن دەکەن.
لەسێدارە
ئێران
رۆژهەڵاتی کوردستان
