جوتیار کەمال جەبار
بافڵ تاڵەبانی گەیشت بە خەونەکەی و دواجار بارزانی رازیبوو بەوەی بیبینێت، بەڵام چۆن بینینێک!
14ـی ئەم مانگە پارتی و یەکێتی لە پیرمام کۆبوونەوە، کۆبوونەوەکەش بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی بوو، ئەو کەسەر بافڵ ساڵانێکە عەوداڵی بینینیەتی.
کۆبوونەوەکە دوو پەیامی روون و ئاشکرای هەڵگرتبوو، کە ئەوانیش رازیبوونەوەی یەکێتی بوو بە شاگردی پارتی و بێباکیان بەرامبەر گوزەرانی هاوڵاتیان.
لەکۆبوونەوەکەدا بێ وتنی هیچ وشەیەک مەسعود بارزانی بە بافڵ تاڵەبانی وت، وەکو سەرۆکی حزب مامەڵەی لەگەڵ ناکات و هاوشانی جێگرەکەی خۆی کە نێچیرڤان بارزانییە تەماشای دەکات، چونکە هاوشێوەی نێچیرڤان بارزانی لە تەنیشت خۆیەوە داینابوو، بەڵام ئەو شێوازە مامەڵەیە بۆ بافڵ تاڵەبانی و یەکێتی ئاساییە، چونکە لە مێژە بە شاگردێتی پارتی رازی بوون.
جارێکی تریش یەکێتی پشتگری خۆی بۆ پارتی و سەرجەم ئەو بڕیارانەی دەریدەکات دووپات کردەوە و هەر هەڵوێستێکیان هەبێت یەکێتیش بەشێک دەبێت لەوان، هەر وەک چۆن لە چەند ڕؤژی ڕابردوودا بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی پشتگیری خۆیان بۆ پارتی ومەسرور بارزانی دوپاتکردەوە و وتیان رادەستکردنی نەوت و داهات یەکسانە بە نەمانی قەوارەی هەرێم، هەربۆیە کۆبونەوەکەی هەردوولا بەسەرپەرشتی بارزانی بەس بوو بۆ ئەوەی یەکێتی بڵێت لەگەڵ پارتی خاوەن یەک بڕیار و یەک هەڵوێستن بەرامبەر بەغدا، بە کوردیەکەی موچەخۆریش بێپارە و داهاتی نەوت وناوخۆش بۆ جوت بنەماڵە حکومڕانەکە
خەندە و دلخۆشیان لە دوای کۆبوونەوەکەش ئەو پەیامەی بە هاوڵاتیاندا کە تەنانەت ئەگەر ئاگریش بەسەریاندا ببارێت ئەوان لە ئاوازی خۆیان ناکەوەن و بەردەوام دەبن لە خواردنی مافیان و بردنی سامانی وڵات.
