لە کاتێکدا ناڕەزایەتییەکان لەسەر حیجابی زۆرەملێ لە ئێران رۆژبەرۆژ زیاتر دەبێت، سکرتێری مەڵبەندی پارێزگای تاران بۆ (ئەمر بە چاکە و نهی لە خراپە)، ئاشکرای دەکات کە سەنتەرێکیان پێکهێناوە کە زیاتر لە ٨٠ هەزار کەس لەخۆدەگرێت و رێگریی لە بێ حیجابی لە تاران دەکەن.
ڕوحوڵا مۆمن نەسەب، سکرتێری مەڵبەندی پارێزگای تاران بۆ ( ئەمر بە چاکە و نهی لە خراپە)، رایگەیاند “کە سەنتەرێک بە ناوی پاکیزەیی و حیجاب پێکدێت و ٨٠ هەزار هێزی مەشقپێکراو، دەست بەکار دەبن بۆ ئەوەی خەڵک پابەند بکەن بە حیجابەوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد “بە پێکهێنانی ئەو سەنتەرە چاودێری و شیکردنەوەی کارەکانی دوژمن دەکرێت، چارەسەری کولتووری و میدیایی و یاسایی داڕێژرێت و دەگەیەنرێتە دامەزراوە پەیوەندیدارەکان”.
ناوبراو زیادی کرد: خالی سەرەکی ئەم سەنتەرە ڕاهێنان و ڕێکخستن و دامەزراندنی زیاتر لە ٨٠ هەزار کەس و ٤٥٧٥ ڕاهێنەر و ئەفسەری دادوەرییە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە کۆمەڵگای ئێران و سەرۆک کۆماری ئێران جەخت لەوەدەکەنەوە کە نابێت حیجابی زۆرە ملێ بەسەر هیچ کەس دا بسەپێندرێت.
ئێران
حیجاب
