خوێندراوەتەوە: (4.4K)

قایمقامی قەزای پشدەر رایگەیاند، بە سەدان گەنجی قەڵادزێ لە چەند رۆژی رابردوودا کۆچیانکردووە بۆ دەرەوەی وڵات و دەشڵێت: ئێستا کچان چوار هێندەی کوڕانن.

رۆژی یەکشەممە، 2025-07-06، بەکر بایز، قایمقامی قەزای پشدەر  راگەیاند: “لێشاوێکی دیکەی کۆچبەران لە راپەڕین و قەزای پشدەری سەری هەڵداوەتەوە، پێشتر هۆشداریمان دابوو کە ئەگەر رێگە لەم کۆچە بە لێشاوە نەگیرێت قەزای پشدەر دەبێتە شوێنی پیر و بەساڵاچووان.”

بەکر بایز دەڵێت: “رووخساری پیری بە پشدەرەوە دیارە، تەنانەت جیاوازی لە نێوان رێژەی جێندەر دروستبووە، بە رادەیەک لە خوێندنگەکان رەگەزی نێر بووە بە یەک لەسەر چوار، تەنانەت لە پۆلە بنەڕەتییەکانیش وەکو نۆی بنەڕەتی کوڕەکان دەستیانکردووە بە کۆچکردن و رێژەی کچ و کوڕ لە خوێندنگاکان تێکچووە”.

قائیمقامی پشدەر ئاماژە بەوە دەکات، لە قەزاکەیان زەمینەی کەرتی تایبەت ئەگەر سفر نەبێت نزیکی سفرە، لە سەنتەری شارە گەورەکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک دوورە، بۆیە وەبەرهێنەرانیش وەبەرهێنانی لێ ناکەن. داوا لە حکومەت دەکات، “ژێرخانی ئابووری ببووژێنێتەوە و هەلی کار بۆ گەنجان بڕەخسێنێت، بۆ کەمکردنەوەی کۆچی گەنجان”.

‘شەپۆلێکی بە لێشاوی گەنجان بۆ کۆچکردن دەستیپێکردووە’

بە گوتەی قایمقامی قەزای پشدەر، ئێستا لە قەزاکە شەپۆلێکی زۆر و بە لێشاوی گەنجان بۆ کۆچکردن بەرەو هەندەران دەستیپێکردووە. هۆکارەکەی بۆ “نەهاتنی مووچە” و “کەمبوونی کشتوکاڵ بەهۆی وشکەساڵی” گەڕاندەوە، کە خێزانەکانیان ناتوانن بەهۆی بێ مووچەیی کۆنترۆڵی منداڵەکانیان بکەن.

گوتیشی: “لە 01ـی تەممووزەوە، 100 کەس لە قەزاکەمان کۆچیانکردووە، بەپێی بەدواداچوونی ئێمە زیاتر و بەرفراونتریش دەبێت”.

بەکر بایز گوتی: “بۆ کەمکردنەوەی کۆچی گەنجان دەبێت دەستی کار زیادبکرێت، مەرزی کێلێ بکرێتە نێودەوڵەتی یاخود بەنداوی دەڵگە دروستبکرێت”.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 73 Today: 2,690 📊 Click Here