لێکۆڵەر لە کاروباری سیاسیی عێراق، ڕەمەزان بەدران، ڕایگەیاند” نزیکەی ١٠٠ پەرلەمانتار لە پەرلەمانی نوێی عێراقدا ناتوانرێت پێشبینی شێوازی دەنگدانیان بکرێت، چونکە ئەوان لە ڕووی فیقهیەوە لاسایی عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێران دەکەنەوە و پەیڕەوی قوتابخانەی فیقهی عێراقی ناکەن، ئەمەش وا دەکات لە کاتێکدا کە بەرژوەندیەکانی عێراق و ئێران دژ بەیەکبن هەڵوێستیان ڕوون نەبێت.
بەدران لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا دەڵێت “١٠٠ پەرلەمانتار لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە کە لە ڕووی فیقهیەوە شوێنکەوتەی عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێران دەکەن و، لە ماوەی چوار ساڵی داهاتووشدا بە بوونی ئەوان لە پەرلەماندا عێراق بەڕێوە دەچێت”.
بەدران پرسیاری ئەوەش دەکات “ئەگەر بەرژەوەندییەکان دژ بە یەک بوون، ئایا ئەوان دەنگ بۆ دەوڵەتی عێراق دەدەن، یان بۆ وەلی فەقی و دۆخی ئێران؟ ئایا دەنگدانەکەیان وەک پابەندبوونێک دەبێت بە فتوایەکی شەرعی کە لەلایەن خامنەیی ڕێبەرەوە دەرچووبێت یان چی و چۆن دەبێت؟”.
ئەوە لە کاتێکدایە کە هەندێک ناوەندی توێژینەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە لەو ٣٢٩ پەرلەمانتارەی عێراق لە هەڵبژاردنی ١١ ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥دا ٦٢ ئەندامی پەرلەمانی هەڵبژێردراوی عێراق میلیشیاکانی سەر بە ئێرانن.
ئەو ناوەندانە بەم شێوەیە ئەو ٦٢ پەرلەمانتارە جیا دەکەنەوە:
کوتلەی “بەدر” ١٩ کورسیی لە پەرلەمان بەدەستهێناوە. کوتلەی “سادیقون”، باڵی سیاسی میلیشیای عەسائیبی ئەهلولحەق بە سەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی، ٢٦ کورسیی بردۆتەوە.
کوتلەی “حقوق”، باڵی سیاسیی میلیشیای کەتیبەکانی حیزبوڵڵا، ٦ کورسیی بەدەستهێناوە.
کوتلەی “سەنەد”، کە سەر بە میلیشیای جوندولئیمامە، ٦ کورسیی بەدەستهێناوە.
هاوپەیمانیی “خەدەمات”، بە سەرکردایەتی شبل زەیدی سەرکردەی میلیشیای ئیمام عەلی، ٥ کورسیی بردۆتەوە.
پەرلەمانتاری عێراق
خامەنی
لاسایکردنەوە
