شارەزایەكی كەشناسی پێیی وایە، كە هاوینی ئەمساڵ زۆر گەرم بووە و زیانی زۆری لە دار و دەرخت داوە و دەشڵێت: كەشێكی دەگمەنە، كە ماوەی 50 ڕۆژە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕینی گرتۆتەوە و پلەكانی گەرما لە چلەكان نەهاتۆتەخوارەوە.
شاڵاو هیدایەت، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بەڕاستی دەگمەنیه ماوەی زیاتر لە 50 ڕۆژە بۆ یەک ڕۆژیش لەسنوری ئیدارەی ڕاپەرین “ڕانیە و حاجیاوا و قەڵادزێ و چوارقورنە و سەروچاوە و سەنگەسەر و ژاراوە” و زۆرێک ناوچەی تر پلەکانی گەرما تەنیا بۆ یەک ڕۆژیش نەهاتۆتە خوار چلەکانەوە و هەر لەناو چلەکاندا بووە.
ڕاشیگەیاند، بێ شک هاوینی ئەمساڵ زۆر گەرم بووە و زیانی زۆریشی لە درەخت داوە یان زەردی کردون یان وشکی کردون بە تایبەت درەختی چەتر و ژەهر، چونکە بەرگەی پلەی گەرمی زۆر بەرز و گەرمی زۆر ناگرن.
وتیشی، “لە کۆتایی ئەم هەفتەیەوە پلەکانی گەرما کەمێك دادەبەزن، بەڵام لە نێوان چلەکان و کەمێ خوار چلەکان دەمێنێتەوە تاكو ناو وەرزی دابارین کەش گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا نایەت و فێنکی ناکات، چونكە بەرۆژ هەر گەرم دەبێت”.
بەبۆچوونی ئەو شارەەزا كەشناسییە، “پلەكانی گەرما لە 35 و بۆ سەرەوە بەشەپۆلی گەرما حیسابە و هەست بەگەرمی دەکرێت بۆ ڕۆژ، بۆیە بۆ ئەوەی هەست بەفێنکی بکرێت بەڕِۆژیش دەبێت خوار 35 بێت لە 20 بۆ 29 تەواو فێنکە”.

