قوباد تاڵەبانی، لە بارەی پێکهێنانی کابینەی دەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، زانیاری دەربارەی هەنگاوەکانی حزبەکەی خستە ڕوو.
یەک شەممە، ٢٢ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە مەراسیمی کردەنەوەی لقی چێشتخانەیەک، قسەی بۆ میدیاکان کرد و ڕایگەیاند “حکومەتی سەرکەوتوو بە بێ یەکێتی پێک نایات، تاوەکو گەرمەی بانگەشەی هەڵبژاردن لەگەڵ برایانی پارتی لە گفتوگۆدا بووین، بانگەشە و هەڵبژاردن تەواوە بوە، ئێمە وەک یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئامادەین بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان، تا بگەینە ئەنجامێکی کۆتایی لە پێناو پێکهێنانی کابینەی دە و لە یەکەم ڕۆژەوە ئەوە ئەولەویەتی ئێمە بووە، کابینەی نوێمان هەبێت”.
سەبارەت بە پۆستەکانی حکومەتی نوێ عێراق، قوباد تاڵەبانی دەڵیت “تازە هەڵبژاردن تەواو بوە، جارێ زوە و ئێستا ئەنجامەکانی بە فەرمی پەسەند نەکراون، تا بزانین کێ چەند کورسی هەیە، کە ئەوە یەکلا بوەوە ئنجا باسی لیوە دەکرێت”.
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی لە میدیاکانەوە باسی ئەوە دەکرێت، یەکێتی بافڵ تاڵەبانی بەربژێر دەکات بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق؟، قوباد تاڵەبانی ووتی “موهیمە خۆی باسی ئەوە بکات، نەک میدیا باسی بکات”.
١٣ مانگە هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچووە، تا ئێستا حکومەتی نوێ پێک نەهاتوە و لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە ١١ تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ بەڕیوەچوو، یەکێک لەو بابەتانەی لە بانگەشەدا یەکێتی باسی دەکرد ئەوەبوو، ڕێگربوون لە دروستکردنی کابینەی دەی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان
قوباد تاڵەبانی
