حکومەتی عێراق بڕیاری دا بڕی ٥٠٠ ملیار دینار بۆ پشتیوانیکردنی جووتیاران و کەرتی کشتوکاڵ تەرخان کرد.
ئەسیر غەریری، وەزیری بازرگانی عێراق ڕایگەیاند، سەرۆک وەزیران ڕەزامەندی داوە لەسەر تەرخانکردنی بڕی ٥٠٠ ملیار دینار بۆ پشتیوانیکردنی جووتیاران لە سەرجەم پارێزگاکاندا و ڕوونیشیکردەوە کە ئەو هەنگاوە لە چوارچێوەی پشتیوانیکردنی جووتیاران و بەهێزکردنی کەرتی کشتوکاڵدایە.
غەریری ڕایگەیاند” ئەم بڕیارە لەگەڵ ئاراستەکانی حکومەتدا یەک دەگرێتەوە، کە ئامانجیان بەهێزکردنی جووتیاران و دابینکردنی پێداویستییەکانی پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵە، بە شێوەیەک کە ڕۆڵی هەبێت لە بەدیهێنانی ئاسایشی خۆراک و پشتیوانیکردنی ئابووریی نیشتمانی”.
لای خۆیەوە، حەیدەر گەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵەی سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵ ڕایگەیاند” کۆمپانیاکەیان دەست بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات بۆ دانانی میکانیزمێکی شەفاف و دادپەروەرانە بۆ دابەشکردنی ئەم بڕە پارەیە، بە شێوەیەک کە دڵنیابێت لەوەی کە دەگاتە دەستی شایستەکان لە جووتیاران لە سەرانسەری وڵاتدا”.
ئاماژەشی بەوە کرد کە ئەم پشتیوانییە هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی متمانەی جووتیاران بە بەرنامەکانی دەوڵەت و هاندانیان بۆ زیادکردنی بەرهەم و فراوانکردنی ڕووبەری زەوییە داچێندراوەکان، بە شێوەیەک کە خوددابینکردن بەهێز بکات و سەقامگیری بۆ بازاڕی خۆماڵی بەدی بهێنێت.
عێراق
جوتیاران
