خوێندراوەتەوە: (8.4K)
ئەنجوومەنی وەزاری بۆ كاروباری ئابووری عێراق بڕیاریدا هاوردەكردنی مریشكی بەستوو بە هەموو شێوەكانییەوە قەدەغە بكرێت وەك پاڵپشتییەك بۆ بەرهەمی كێڵگە پەلەوەرییەكانی ناوخۆ.
وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردەوە، لەسەر داوای وەزارەتمان، ئەمڕۆ دوو شەممە ئەنجوومەنی وەزاری بۆ كاروباری ئابووری عێراق دەنگی لەسەر بڕیاری قەدەغەكردنی هاوردەكردنی مریشكی بەستوو بە هەموو شێوەكانی بۆ ناوخۆی عێراق دا.
ئاماژەی بەوەشکرد، دەركردنی ئەم بڕیارە بۆ پاڵپشتیكردنی بەرهەمی ناوخۆ و كێڵگە پەلەوەرییەكانە و هەروەها نەهێشتنی ئەو هەموو بەرهەمە زۆرەی مریشكی هاوردەكراوە لە بازاڕەكاندا.
ڕاشیگەیاند، ئەم بڕیارە دوای 45 رۆژ لە فەرمانی دەرچوونیدا دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەم ماوەیەش دەبێتە دەرفەتێك تا لایەنە پەیوەندارەكان ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر.
