خوێندراوەتەوە: (1.5K)

لەپاش ئەوەی ئەمریكا ئاشكرایكرد كە ئێران نەوتەكەی خۆی لە رێگەی عێراق دەخاتەبازاڕەوە، وەزارەتی نەوتی عێراق سەرقاڵی پلانێكە بۆ شەفافیەتی هەناردەی نەوت.

بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی (العربی الجدید)، وەزارەتی نەوت سەرقاڵی دیراسەكردنی پلانێكە بۆ بەهێزكردنی شەفافیەتی هەناردەكردنی نەوت لە بەندەرەكانی بەسرە، وەك بەشێك لەو رێوشوێنانەی كە ئامانج لێی كەمكردنەوەی فشارەكانی ئەمریكایە بۆ سەر كەرتی نەوت، دوای ئەو تۆمەتانەی روبەڕوی بووەتەوە بەوەی ئێران بەندەرەكانی عێراق دەقۆزێتەوە بۆ هەناردەكردنی نەوتەكەی، یان تێكەڵكردنی لەگەڵ نەوتی عێراق.

ئەمریكا لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا، سزای بەسەر دوو بازرگانانی عێراقی سەپاندووە لە بواری پیشەسازی نەوت، كە بە بە بە تێوەگلان لە فرۆشتنی نەوتی ئێران بە نەوتی عێراقی تۆمەتباری كردوون.

بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارە عێراقییەكان، لە ئێستادا وەزارەتی نەوتی عێراق بیر لە گرێبەستكردن لەگەڵ كۆمپانیا نێودەوڵەتییە ناسراوەكانی نەوت دەكاتەوە كە تایبەتمەندن بە وردبینی و چاودێری و باركردنی نەوت.

ئەو سەرچاوانە ئاشكراشیان كردووە: سەرجەم ئەو راپۆرتانەی كە باس لە بەرپرسیارێتی كۆمپانیای سۆمۆ دەكات لە دۆسیەی هەناردەكردنی نەوتی ئێران لە ڕێگەی بەندەرەكانی عێراقەوە، بۆ لایەنی ئەمریكی روون بووەتەوە كە ورد نین.

تۆمەتباركردنی سۆمۆ لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا پەرەی سەندووە، لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق نیازی خۆی دەربڕیوە بۆ لێپرسینەوە لە حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت و عەلی نزار فایەق، سەرۆكی سۆمۆ، لەسەر ئەو هەواڵانەی باس لە بە قاچاغبردنی نەوتی ئێران و تێكەڵكردنی لەگەڵ نەوتی عێراق دەكەن.

سەباح سوبحی، پەرلەمانتاری لیژنەكە جەختیكردووە، دانیشتنی لێپرسینەوە دوای ئەو راپۆرتە دێت كە كۆنگرێسی ئەمەریكا بڵاویكردەوەو بە قاچاغبردنی نەوتی ئێران و تێكەڵكردنی لەگەڵ نەوتی عێراق ئاشكراكرد، پێش هەناردەكردنی بەشێوەیەكی فەرمی بۆ دەرەوەی وڵات.

عێراق

نەوت

ئێران

ئەمریکا

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 262 Today: 895 📊 Click Here