وەزارەتی بازرگانی عێراق ئاشكرای دەكات، چەند رۆژی داهاتوو پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەنێرین و بە دوو شێواز دابەش دەكرێت.
محەمەد حەنوون، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق ڕایگەیاندووە، بڕِیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا شایستەی دارایی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت.
ڕاشیگەیاندووە، پلانی دابەشکردنی پارەی گەنم بە دوو شێوازە، ئەو جووتیارانەی بڕی گەنمی رادەستکراویان کەمتر لە 25 تۆن بووە، زووتر پارەکە وەردەگرن.
ئاماژەی بەوەشداوە، بۆ بڕە گەنمی زیاتر، هەر جووتیارێک زووتر گەنمەکەی رادەست کردبێت، زووتر پارەکەی وەردەگرێت.
ئاشكراشی كردووە، هەرێمی کوردستان لەو پارێزگایانە بووە، کە دواکەوت لە ڕادەستکردنی بڕی گەنمی جووتیاران بە کۆگاکانی وەزارەتی بازرگانی، بۆیە بڕە پارەکەشیان دواکەوتووە.
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی بە نرخی 850 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک وەرگرت، کە بەهاکەی 340 ملیار دینارە.

