خوێندراوەتەوە: (1.5K)

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئاشكرایدەکات، بکوژانی سەفا مەشهەدانی دەستگیرکراون و لە ئێستادا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە.

مەحمود مەشهەدانی، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند” هێزە ئەمنییەکان تاوانبارانیان دەستگیرکردووە، لە ئێستادا وتەیان لێوەردەگیرێت، دواتر وردەکارییەکان رادەگەیەنرێت.”

ئەمە لە کاتێکدایە، پێشترسەرچاوەیەکی ئەمنی ئاشکرای کرد، لە ماوەی چەند کاتژمێری داهاتودا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە كوشتنی سەفا مەشهەدانی رادەگەیەنرێت.

سەفا حوسێن یاسین عەبدوڵڵا مەشهەدانی، بەربژێری ژمارە ٢٦ بوو لە لیستی هاوپەیمانیی سەروەری کە هاوپەیمانییەکی سوننەکانە و خەمیس خەنجەر سەرۆکایەتی دەکات، لە ڕۆژی ١٥ی تشرینی یەکەم، لە ناوچەی تارمییەی باکووری بەغدا، لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێکی لکێندراو بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

هەر لە دوای ڕووداوەکەش، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، تیمێکی کاری هاوبەشی هونەریی تاوانکاری و لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوەی بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا پێکهێناوە بۆ ئاشکراکردنی وردەکارییەکانی رووداوەکە، لە ئێستادا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە.

سەبارەت بە ڕووداوەکەش، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریکردنی عێراق (یونامی) سەرکۆنەی کوژرانی سەفا مەشهەدانی، بەربژێری لیستی هاوپەیمانیی سەروەری لە بەغدا کرد و داوای لە دەسەڵاتداران و حکومەتی عێراق کرد لێکۆڵینەوەیەکی “بەپەلە و شەفاف” لەو رووداوە بکەن.

بڕیارە رۆژی ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێ. پەرلەمانی عێراق لە ٣٢٩ کورسی پێکدێت کە ٣٢٠ کورسیان گشتین و ٩ کورسییان کۆتان.

سەفا مەشهدانی

هەڵبژاردنی عێراق

بانگەشەی هەڵبژاردن

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 32 Today: 103 📊 Click Here