خوێندراوەتەوە: (1.4K)

بە وتەی بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور تا ئێستا رۆژانە ٢٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم هەناردەی بەندەری جیهان دەکرێت و نەوتەکە بۆ بازاڕی تورکیا و ئەورووپایە.

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ عامر خەلیل، بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا راگەیاند” رۆژانە تێکڕا نزیکەی ٢٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەی بەندەری جەیهان دەکەن و نەوتەکە بەشێکی بۆ بازاڕی تورکیا و بەشەکەی دیکەشی بۆ بازاڕی ئەورووپایە.”

بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور وتیشی” مانگی رابردوو نزیکەی ٦ ملیۆن بەرمیل و لەم مانگەشدا زیاتر لە ٣.٥ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەی بەندەری جەیهان کراوە”.

لەبارەی نەوتی کەرکووک، عامر خەلیل وتی “بەرهەمهێنانی نەوت لە کەرکووک رۆژانە نزیکەی ٣٤٠ هەزار بەرمیلە.” سەبارەت بە ئەگەری هەناردەکردنی لە رێگەی بۆریی نەوتی تورکیاوە ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا هیچ پلانێکی لەوشێوەیەیان نییە.

هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە رێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهان، دوای بڕیارێکی ئاداری ٢٠٢٣ی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتیی پاریس وەستا. دوای رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق و کۆمپانیاکانی نەوت، رۆژی ٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٥ هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆرییەوە دەستیپێکردەوە.

نەوت

ئابووری

هەرێمی کوردستان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 152 Today: 2,039 📊 Click Here