خوێندراوەتەوە: (953)

وەزیری دەرەوەی سووریا جەختی لەوە کردەوە لە ماوەی چوار بۆ پێنج ساڵی ئایندەدا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە سووریا بەڕێوەدەچێت و وتیشی” هیچ پێشکەوتنێکی ئەرێنی و کردەیی بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات بەدینەهاتووە”.

هەینی ١٤ی تشرینی دوەم ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا لە میانی دانیشتنێکی دیالۆگیدا لە پەیمانگەی چاتام هاوس لە لەندەن، ئاماژەی بەوەکرد، هیچ پێشکەوتنێکی ئەرێنی و کردەیی بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات بەدی نەهاتووە.

وەزیری دەرەوەی سووریا ڕایگەیاند، پێویستە متمانە لەنێوان خەڵکی سوەیدا و حکومەتدا دروستبکرێتەوە، دانی بەوەشدانا کە هەموو لایەک لە سوەیدا هەڵەیان کردووە.

وتیشی ئەوەی لە کەناراوەکانی سووریا روویدا بە هاندانی لایەنگرانی دەسەڵاتی پێشوو بووە و جەختی لەوەش کردەوە، کە دەستێوەردانی ئیسرائیل بووەتە هۆی تەقاندنەوەی دۆخەکە.

بەگوتەی شەیبانی، سەرکەوتنی تاقیکردنەوەی سووریا پەیوەستە بە ڕەتکردنەوەی ئەو تائیفەگەرییەی کە دەسەڵاتی ئەسەد لە وڵاتەکە چاندوویەتی.

ئەمە لە کاتێکدایە کە کە بڕیارە کۆبوونەوەیەک نێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات لە دیمەشق بە سەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەڕێوە بچێت، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی مانگی ئازار و داڕشتنی نەخشەڕێگایەک بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە حکومەتی نوێدا.

هەسەدە

سوریا

ئەمریکا

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 208 Today: 1,205 📊 Click Here