سەرۆک وەزیرانی عێراق لەسەر دۆسییەیی بەقاچاخبردنی نەوتی عێراق فەرمانی دەرکرد و دەڵێت”دەبێت لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی باڵا دەستبەجێ لەو بابەتە بکۆڵنەوە چ لەبەندەرەکانی عێراق بن یان ئاوی ناوچەکە”.
نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی، فەرمانی پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوەی دەرکرد، کە کارەکانیان تایبەت دەبێت بە گومانەکان لەسەر قاچاخچێتی نەوتی عێراق لە بەندەر و ئاوی ناوچەکە.
سودانی فەرمانی کردووە، لیژنە باڵاکە زۆر بەوردی لێکۆڵینەوە لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان بکات، ئەمەش بەرمەبنای ئەو زانیارییانەی کە باس لە بوونی گومانی گەندەڵی دەکەن لە تێکەڵکردن و قاچاخچێتیکردنی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکانی عێراق، چ لە بەندەرەکانی عێراق بێت یان لە ناو ئاوە هەرێمییەکاندا.
هاوکات سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لەوە کردەوە، ئەو لیژنە باڵایەی لێکۆڵینەوە دەکەن، قبوڵکراو نییە لێیان هیچ سستیەک لەکار و لیکۆڵینەوەکانیاندا بەدیبکرێت، و لیژنەکە دەبێت دوای تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان، ڕاسپاردەکانی خۆی پێشکەش بە ئەنجوومەنی وەزیران بکات بۆ ئەوەی ڕێوشوێنی گونجاو بەپێی یاسا بگیرێتەبەر، بە شێوەیەک کە پشتگیری ئابووری نیشتمانی و پاراستنی سامانی گشتی مسۆگەر بکات.
