رەشبگیریی، سلێمانی تووڕەتر دەکات

جار خوێندراوەتەوە : (2)


لەڕۆژانی رابردوودا، سلێمانی شەپۆلێکی دەستگیرکردنی مامۆستایانی ناڕازیی‌و چالاکوانانی سیاسی بەخۆیەوە بینی کە دەیانویست رۆژی پێنجشەممەی رابردوو بەهۆی نەدانی مووچەوە بۆ ماوەی زیاتر لە ٥٠ رۆژ، خۆپیشاندان ئەنجامبدەن،  یەکێک لەدەستگیراوەکان دەڵێت “ھۆکاری رەشبگریی‌و دەستگیرکرن ترسیانە لەدەنگی ناڕەزایی خەڵکی”، ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتیش دەڵێت “دۆخی خۆپیشاندانەکان‌ قسەی زۆر ھەڵدەگرێت”.

“دۆخەکە وا بڕوات، خۆپیشاندان هەر دەکرێت”

د. غالب محەمەد، چالاکوانی سیاسی، سەبارەت بەدەستگیرکردن وت “لەلایەن ھێزە ئەمنیەکانی سلێمانیەوە تەلەفونم بۆ کرا کە نابێت گردبوونەوە ئەنجام بدەین، پرسیام کرد: بۆچی؟ وتیان دۆخەکە مەترسیدارە! داوایان دەکرد ئێمە بانگەواز بکەین خۆپیشاندان نەکرێت، بەڵام وتم: ئەگەر موچەی فەرمانبەران نەدرێت خۆپیشاندان دەکرێت، ئەگەر یەک کەسیش بێت، چونکە ناکرێت ئەوان موچە نەدەن‌و بشڵێن با کەس داوایی مافی خۆی نەکات”.

وتیشی “پێویستە یەکیەتی چارەسەری موچەی فەرمانبەرانی ئەم سنوورە بکات کە دەتوانێت لەدادگای فیدراڵی داوا بکات بەتەوتین کردنی مووچەی فەرمانبەرانی سلیمانی، بەڵام یەکیەتی شەریکی پارتیە لەگواستنەوەی  نەوت‌و بردنی داهاتی خاڵە سنووریەکان‌و بەشکردنی داھاتی ناوخۆ، دەبێت یەکیەتی ئەوە بزانێت گەر دۆخەکە باش نەبێت خۆپیشاندان ھەر دەکرێت”.

“لەبری رەشبگیریی، مووچە دابین بکەن”

کەریم عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاری سلێمانی لەبارەی دەستگیرکردنی مامۆستایان‌و چالاکەوانی سیاسییەوە لەچەند رۆژیی رابردوودا،  وت “سلێمانی مێژوویەکی بەرەنگاریی ھەیە لەسەردەمی عوسمانیەکانەوە بگر تا سەردەمی ریژێمە یەک لەدوایەکەکانی بەغدا، لەدوای ساڵی ٢٠٠٩وە، دەنگی خۆپیشاندان‌و ناڕەزایەکان بەرامبەر دەسەڵاتی خۆسەپێنی کوردستان دروستبوو، خەڵکی سلێمانی چەندین شەھیدو قوربانیان دا لەو پێناوەدا، ئێستاش ئەوەی کە سیاسەتی بەتاڵانبردنی سامانی کوردستان دەستپێکردووەو وایکردووە موچە نەدرێت بەھاوڵاتیان‌و کەمتەرخەمی دەکرێت بەرامبەر مافی موچەخۆرانی ھەرێم، بۆیە مامۆستایان‌و فەرمانبەرانی بەھەڵوێست لە سلێمانی نارەزایەتی دەردەبڕن، ئەو رەشبیگریە دەکرێت بەراممبەر رێکخەری خۆپیشاندانەکان کارێکی خراپەو ھێندەی دیکە ھاوڵاتیان دژی ئەم دەسەڵاتە لەسلێمانی تورە دەکات”.

وتیشی”ھیوادارین دەسەڵات کارێک نەکات هاوڵاتیان خۆپیشاندان‌و گوشاری مەدەنی بەچارەسەرێک نەزانن، پەنا بۆ شتی دیکە ببەن چونکە ئەوکاتە ھەموولایەک تیدا زیانمەدن دەبن، بۆیە پێویستە ھەموولایەک پشتگیری نارەزایەتی‌و خۆپیشاندان‌و گوشارە مەدەنیەکان بکەن بۆ دابینکردنی مووچەو چاکسازیکردن لەکوردستان”.

ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاری سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات کە ھەر دەسەڵاتێک باوەڕی بەپێگەی کۆمەڵایەتی‌و قورسایی خۆی ھەبێت ئەوا ترسی لەخۆیشاندانی فەرمانبەرانی بێدەسەڵات نابێت، بەڵام ھێزێک کە متمانەی  جەماوەرەکەی لەدەستدا بەدڵنیایەوە دەست بۆ چەک‌و دەستگیرکردن‌و رەشبگیریی دەبات وەک ئەوەی لەرژێمەکانی چواردەورمان بینراو ئەنجامەکەی ئەوەبوو بینیمان، بۆیە پێویستە لەبری ئەوە مووچەی فەرمانبەران دابین بکەن “.

ئەوەی یەکێتی دەیکات دووبارەکرنەوەی ئەزمونی پارتییە

د.یوسف محەمەد، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان‌و پەرلەمانتاری پێشووی عیراق،  وت “بەدەستگیرکرنی مامۆستایان‌و فەرمانبەران ‌و چالاکەوانان لەسەر داواکرنی مووچەکانیان کارێکی ناڕەوایە، ئەگەر  یەکێتی بیەوێت لاسایی پارتی بکاتەوە، ئەوەی خۆشی بیردەچێتەوە، بۆیە لاساییکرنەوەی پارتی شەرعیەتی بوونی پارتی ناھێڵێت، کە یەکێتی لەسەردەمی جەلالیەوە وەھا دروست بووە دەبێت پێچەوانەی پارتی بێت، ئەوەی ئەمان دەیکەن دووبارەکرنەوەی ئەزمونی دەسەڵاتداریی پارتیە، ئەمەش  بەڵگەی ئەوەیە ئەمانیش ھیچ جیاوازیەکیان نیە لەگەڵ پارتی”.

وتیشی “ئەوەی تایبەتمەندیی سلێمانی جیادەکاتەوە بوونی ئازادی‌و خۆپیشاندانی مەدەنیە کە پێویستە رێگریی لێنەکرێت، سەرباری ئەوەی بۆ خۆم تێبینیم ھەبێت لەسەر چەند بارە بوونەوەی خۆپیشاندانەکان لەسلێمانی بەبێ ئەوەی لەپارێزگاکانی دیکە رووبدات، بەڵام سلێمانی بۆخۆی شارێکی یاخییە، ھەر کەسێک دژایەتی سلێمانی بکات شکست دەخوات، ئەو لایەنەشی رێگریی لەجوڵەی مەدەنی دەکات ھێندەی دیکە شکست دەخوات، بۆیە ھیچ کەس‌و لایەنێک ناتوانێت ئەو جوڵەو چالاکیە مەدەنیانەی لەسلێمانی ھەیە بیگۆڕێت، بەعس نەیتوانیوە سلێمانی کۆنترۆڵ بکات، لەبەر ئەوەی تاقیکرنەوەی کارێکی ئاوا ئەو لایەنە تووشی شکستی زیاتر دەکات”.

کۆمێنت بۆ بابەتەکە بنووسە

ناونیشانی ئیمەیڵی تۆ بڵاو ناکرێتەوە. خانەکانى پێویست بە پڕ بکرێنەوە * نیشان دەدرێن.