ڕۆژنامەی “ئیسرائیل هیۆم”ی ئیسرائیلی لە شیکارییەکدا هۆشداریی داوە کە گرژیی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل لە بەرزترین ئاستیدایە و هەردوولا لە ڕێگای ڕووبەڕووبوونەوەیەکی نوێدان کە دەشێت شەڕێکی سەختتر و خوێناویتر لە پێشووتری لێبکەوێتەوە.
ئەو دەزگای میدیاییە نووسیویەتی، دوای شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئەم دواییە، هەرچەندە زۆرێک لە ئیسرائیل بە “سەرکەوتن”یان زانیوە، بەڵام گێڕانەوەی سەرکەوتن لە ئێرانیش پێکهاتووە و کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیش مانەوەی حکومەت و گۆڕینی خێرای فەرماندە کوژراوەکانیان بە نیشانەی خۆڕاگری زانیوە.
“ئیسرائیل هایۆم” نووسیویەتی کە چەقبەستوویی دانوستانە ئەتۆمییەکان و گەڕانەوەی سزا نێودەوڵەتییەکان لەلایەن سێ وڵاتی ئەوروپی و دووبارە هەڕەشەکانی تەلئەبیب بۆ هێرشکردنە سەر دووبارە ئەگەری شەڕی سەربازیی زیاتر کردووە. لەو شیکارییەدا باس لەوە کراوە کە کۆماری ئیسلامی سیستمی مووشەکی و بەرگریی خۆی بەهێزتر دەکات و تەنانەت بژاردەی هێرشی پێشوەختەش بەدوور ناگرێتەوە.
بە وتەی ئیسرائیل هیوم، پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە شەڕی نوێ چی بەدەست دەهێنێت، چونکە هێرشە ئاسمانییەکان بە تەنیا توانای لەناوبردنی “ڕژێمی ئێران” یان وەستاندنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی نییە و مەترسی زیاتر لە جاران هەیە کە بکێشرێنە ناو شەڕی پەرتبوونەوە.
ئێران
ئەمریکا
ئیسرائیل

