بە وتەی ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق حکومەت توانای دابینکردنی تەواوی مووچەکانی ساڵی داهاتووی هەیە و دەڵێت هەر قسەیەکی پێچەوانەی ئەوەش بۆ دروستکردنی پشێوییە.
ئەمڕۆ چواشەممە، موزهیر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند” دەسەڵاتی دارایی لە مانگی تەمووزی ڕابردووەوە دەستی بە ئامادەکردنی بودجەی ٢٠٢٦ کردووە و دوای تەواوبوونی، پێشکەشی پەرلەمان دەکرێت” و هیوای خواست دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان پەسەند بکرێت.
ساڵح ئاماژەی بەوەدا کە بودجە لە پێشینەکانی ژیانی گەلی عێراقە، چونکە خەرجییەکانی حکومەت نزیکەی ٥٠%ی بەرهەمی ناوخۆیی گشتی پێکدێنێت، ئەگەر دواشبکەوێت ئەوا لەوانەیە کاریگەریی لەسەر زیاتر لە ٨٥%ی چالاکییە ئابوورییەکان دروست بکات.
جەختیشی کردەوە کە پەسەندکردنی بودجە لە کاتی گونجاودا، متمانە بە شەقام دەدات کە وڵات لە ڕووی وەبەرهێنان، کار، و بازاڕەوە جێگیرە.
ڕاوێژکارەکەی سوودانی دووپاتی کردەوە کە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و چاودێری کۆمەڵایەتی و ئەوانەی دیکەش بۆ ساڵی ٢٠٢٦ بە پێی یاسای ئیدارەی خۆجێی فیدراڵی دابینکراون و هەر شتێکی پێچەوانەی ئەمەش بوترێت تەنیا بۆ دروستکردنی پشێوییە.
دوێنێش لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، حکومەت دابینکردنی تەواوی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و سوودمەندانی چاودێری کۆمەڵایەتی گەرەنتی کردووە.
مووچە
ئابووری
عێراق
