خوێندراوەتەوە: (12.6K)

ڕێباز عوسمان

لە هەموو وڵاتانی دوونیادا بگەڕێیت و پرسیار بکەیت کە ئایا ئەگەر دوو حزب ٣٤ ساڵ خۆیان وەک دوو برا و بە شەریکی وڵاتێکیش نا، بەڵکوو هەرێمێکی ٣ پارێزگایی ببەن بەڕێوە، کە دەوڵەمەندە بە نەوت، غاز، سامانی سەرزەوی و ژێرزەوی و چەندین سەرچاوەی داهاتی دیکە، ئایا دۆخی ئەو هەرێمە چۆن دەبێت و هاوڵاتییەکانی چۆن دەژین؟ بە دڵنیاییەوە دەڵێن دەبێت لە ریزبەندی وڵاتە پێشکەوتووەکاندا بێت، هەندێکیشیان رەنگە بڵێن لەوانەیە باسی دوبەی و ئەبوزەبی بکەیت، ئاخر ئەوانیش هەر وەک هەرێمەکەی خۆمانن.

کەچی ئەم پارتی و یەکێتییەی ٣٤ دانە ساڵە سامانئ سەر زەوی و ژێر زەوییان بەدەستەوەیە، نەک نەیانتوانیوە دۆخی هاوڵاتیان باش بکەن، کەچی خەڵکی دەچەوسێننەوە و برسییان دەکەن، دەنگی ئازاد کپدەکەن، زیندانەکان پڕ دەکەن. ئەوەی بە جۆرێک رەخنەیەکیان لێ بگرێت و بەدڵیان نەبێت، تۆمەتێکی بۆ دادەتاشن و راپێچی زیندانەکانیانی دەکەن، مەگەر خودا بۆخۆی بزانێت چۆن چۆناهی تەعزیبیان دەدەن، زیندانەکانی پارتی و یەکێتی پڕن لەو کەسانەی کە لەدژیانن. جگە لەو دەیان رۆژنامەنووس و چالاکوانانەی کە بە درێژایی ٣٤ ساڵی دەسەڵاتی ئەم جوتە حزبە کراون بە قوربانی گوللەیەک! کاوە گەرمیانیی رۆژنامەنووس لە باوەشی دایکیدا خەڵتانی خوێن کرا! سەردەشت عوسمانی جوانەمەرگ لە بەردەم زانکۆکەیدا و بە بەرچاوی هاوڕێکانییەوە بە رۆژی رووناک رفێندرا و کوژرا، دواتریش وتیان، بابە ئەمە تیرۆرستە!، بەکر عەلی، سۆرانی مامە حەمە و دەیانی دیکە نموونەی ئەوانەن کە بەهۆی رەخنەکانیان لە دەسەڵات بوونەتە قوربانی، دەیان خۆپیشاندەر لەلایەن پارتی و یەکێتییەوە تا ئێستا کوژراون و بریندار کراون، تەنها لەبەر داواکردنی مافەکانیان! باسی ئەو کەسانەش ناکەم کە لە هیچ و خۆڕا تۆمەتیان بۆ داتاشراوە و ئێستا لە کونجی زیندانەکانی پارتی و یەکێتیدان!

برسیکردنی خەڵکی، نەدانی موچە، سەرانەسەندن، زیادکردنی باج، رۆژ لە دوای رۆژ وێرانکردنی ژیانی هاوڵاتیان و سەرکوتکردنیان، سیاسەتی جوت حزبی بنەماڵەیە، ئەو سیاسەتەش تا سەر بڕ ناکات و وەک دەڵێن، پەتی زوڵم لە ئەستووریدا دەپسێت! جا نازانین پارتی و یەکێتی دوای ٣٤ ساڵ لە زوڵم و زۆرداری، نیازیان هەیە داوای لێبووردنێک لە خەڵک بکەن و واز لە رەفتارەکانیان بهێنن؟ یان چاوەڕوانی ئەوەن توڕەیی میللەت رایانبماڵێت و هاوشێوەی دەسەڵاتەکانی دەوروبەریان، نۆرەی ئەوانیش بێت!!!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 101 Today: 558 📊 Click Here