لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، دەبێت كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لەڕێگەی گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنی هاوبەش لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بكرێت.
دەرباز كۆسرەت ڕەسوڵ، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پێشوازی لە ئەندرو بیزلی، كونسوڵی گشتیی بەریتانیا لەهەرێمی كوردستان كرد.
بەپێی ڕاگەیەنراوی نووسینگەكەی، دەرباز كۆسرەت رەسوڵ جەختی لە چارەسەكردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كردەوە لەڕێگەی گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنی هاوبەش لەسەر بنەمای دەستوور، هەروەها باسی لە پاراستنی مافەكانی كورد كرد لەناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان.
لەبارەی دۆخی ناوچەكەو پرسە سیاسییەكان، هەردوولا هاوڕابوون كە هاودەنگی هێز و لایەنە سیاسییەكان لەسەر بنەمای پێكەوەژیان و رێزگرتن لە بۆچوونی یەكتر، زامنی ئاسایش و ئارامییە لە وڵاتدا.

