دوای ئاگربەست چاوەڕوانی چی بکەین؟

جار خوێندراوەتەوە : (3)

شیروان شەمێرانی

ئەم جەنگەی کە ئیسرائیل دژی ئێران بەرپای کرد، کۆتایی نەهاتووە، بەڵکو ئەوەی روویدا ئاگربەستە. سرووشتی ئاگربەست کاتییە و جیاوازە لە کۆتاییهاتن و وەستانی جەنگ. بەڵام پێش قسەکردن لەسەر سرووشتی دۆخی پاش جەنگ، دەمەوێت کورتەیەک لەسەر بڕیاری ئەنجوومەنی شوورای ئێران سەبارەت بە هەڵپەساردنی هاوکاریکردنی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی باس بکەم.

دوو خاڵ هەن کە نەک هەر ئێرانییەکان، بەڵکو هەر کەسێکی کەمێک ئاگاداریش هەستیان پێ دەکات:

یەکەم: راگەیێندراوەکەی ئاژانس لە 12-6-2025 کە بە روونی ئاماژەی بەوە کردبوو: ئێران پابەندنەبووە بە رێکارەکان و ترسمان لە شکاندنی سنوورە سڤیلییەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم هەیە.” راستەوخۆ پاش چەند کاژێرێک، ترۆیکای ئەورووپی (فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا) بەیاننامەیەکی تووندیان دەرکرد و هەر بەرەبەیانیی ئەو شەوە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستی پێکرد. واتە ئاژانسی نێودەوڵەتی دەرگەی جەنگی کردەوە و رێخۆشکەر بوو. پاش چوار رۆژ، رافائێل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانس زانیاریی پێچەوانەی راگەیاند، بەڵام وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی: “درەنگە.”

دووەم: لە کاتی بۆردوومانکردنی کارگە ئێرانییەکاندا، ئاژانسەکە لەڕێگەی پشکنەرەکانییەوە زانیاریی لەسەر ئاستی پێکانی کارگەکان یەک بە یەک بڵاودەکردەوە کە زیاتر لە کاری هەواڵگری دەچوو. ئەمە ئێرانییەکانی تەواو بێزار کرد و گوتیان ئەو شوێنانەی بۆردوومان دەکران، جگە لە پشکنەرە نێودەوڵەتییەکان هیچ کەسێکی دیکە زانیاری لەسەریان نەبووە.

پەیماننامەی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT)، لە 23ـی دیسێمبەری 2016 لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە راگەیێندرا کە پشت بە پەیماننامە پێشووەکان دەبەستێت کە سەرەتاکەیان بۆ ساڵی 1947 دەگەڕێتەوە. ژمارەی وڵاتانی ئەندام تێیدا 50 وڵاتە. ئەمریکا، فەرەنسا و بەریتانیا دژی ئەم پەیماننامەیەن و ئیسرائیلیش واژووی نەکردووە. لە ماددەی 17، بڕگەی دوو دا هاتووە: “بۆ پاراستنی سەروەریی نیشتمانی، هەر وڵاتێک مافی خۆیەتی لە پەیماننامەکە بکشێتەوە، بە مەرجێک 12 مانگ پێشتر ئاگاداری بدات.» بەڵام مەرجێکی تێدایە کە ئەگەر وڵاتەکە لە جەنگدا بێت، بڕیاری کشانەوەکە پاش کۆتاییهاتنی جەنگ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. کەواتە ئێران مافی کشانەوەی لە پەیماننامەکە هەیە. لە دیباجەکەشیدا هاتووە کە وڵاتانی ئەندام مافی بەکارهێنانی وزەی ئەتۆمیان بۆ مەبەستی ناسەربازی هەیە.

ئەم ئاگربەستەی کە لە ئارادایە، ئەوەندەی لەبەر هەستیاری و گەورەیی جەنگەکە تووندوتۆڵ دیارە، ئەوەندەش لەق و ناجێگیرە، چونکە بێ هیچ لێکتێگەیشتنێک راوەستا. کاتێک لێدوان و گوتاری نووسەر و گەورە شیکارە ئەمریکییەکان دەخوێنیتەوە، دەبینیت هیچیان نە دەیانویست جەنگەکە بوەستێت و نە چاوەڕێی وەستانیشی بوون. کۆمەڵێک داواکاری هەبوو کە دەبوو بخرایەتە بەردەم ئێرانییەکان بۆ ئەوەی واژووی لەسەر بکەن و ئێرانی پێ کۆت و زنجیر بکرێت، بەڵام جەنگەکە بە کتوپڕی وەستا و هەمووانی تووشی شۆک کرد.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، گوتی: «پاش هەفتەیەک دانوستاندن دەکەین.» بەڵام ئەوە لێدوانێکی تاکلایەنەیە و عەباس عێراقچی دەڵێت، هیچ پلانێک بۆ کۆبوونەوە لە ئارادا نییە. ئەمەش بەو واتایەیە کە هیچ جۆرە کارنامەیەک لە بەردەستدا نییە. بۆیە دۆخەکە هێشتا دۆخی جەنگە، هێشتا بۆنی بارووت دێت و راگەیاندنی هەردوولاش لە کەشوهەوای جەنگ نەچوونەتە دەرەوە. لەبەرئەوە، ئەگەری ئەم سێ خاڵەی خوارەوە لە ئارادایە:

– دەستپێکردنەوەی دانوستاندن: بێ گومان ئەمریکییەکان داواکارییەکانی ئیسرائیل دەگەیێننە ئێران و داوای قبووڵکردنی بێمەرجی لێ دەکەن (واتە: رادەستبوون). کۆتاییەکەشی داماڵینی ئێرانە لە هەموو جۆرە چەکێکی بەرگریکردن لە خۆی، تا وەک هەر وڵاتێکی دیکەی ناوچەکە داماو و کزۆڵ لەبەردەم بەزەیی ئیسرائیلدا بێت. تاران بەوپەڕی دەنگییەوە ئەم داواکارییە رەت دەکاتەوە.

– زیاتر تووندکردنی سزا و سەپاندنی گەمارۆی ئابووری: لەم چوارچێوەیەدا، ئەورووپییەکان کە رۆڵێکی ئەوتۆ (یان رۆڵی سفر) لە دۆسیەیەکی جیهانیی وا قورسدا نابینن، دەیانەوێت بێنەوە ناو بازنەی کاریگەری، ئەویش لەڕێگەی سەپاندنەوەی ئەو سزایانەی کە لە ساڵانی رابردوودا لەسەر ئێرانیان هەڵگرتبوو.

– دەستپێکردنەوەی جەنگ: ئەگەر ئەمجارەش ئیسرائیل لەڕێگەی واشنتنەوە نەیتوانی هەموو مەرجەکانی بەسەر ئێراندا بسەپێنێت، جەنگ بە یەکێک لەم سێ رێگەیە دەستپێدەکاتەوە:

* تیرۆرکردن و ئەنجامدانی تەقینەوە لەناو خاکی ئێراندا.

* جەنگی راستەوخۆ وەک گەڕی یەکەمی دوانزە رۆژییەکە کە وەڵامدانەوەی ئێرانی لێ دەکەوێتەوە و ئەگەری تووندوتیژیی زیاتری لێ دەکرێت. یان گرتنەبەری رێچکەیەکی هاوشێوەی عێراقی نێوان ساڵانی 1991 – 2003، واتە هەر چەند مانگ یان ساڵ جارێک بۆردوومانکردنی شوێنێک، هاوتەریب لەگەڵ خنکاندنی وڵات و گەلی ئێران لەڕووی ئابووری و بازرگانی و هێنانی هەرەسی دراوەکەی (تمەن). ئەمە بەردەوام دەبێت تاوەکو شەکەتکردن و تەواو بێهێزکردنی ئێران، لەگەڵ هەوڵی بەردەوامی ئاژاوەنانەوە و جووڵاندن و یارمەتیدان و هاندانی ئۆپۆزسیۆنە ماندوو و لاواز و پەرشوبڵاوەکەی ئێران.

* بە لەبەرچاوگرتنی شێوازی وەستانی جەنگ لە غەززە لە 19-1-2025(یەک رۆژ پێش دەستبەکاربوونی ترەمپ) و، پاشان دەستپێکردنەوەی لەلایەن قەوارەی ئیسرائیلەوە دژی خەڵکی بێچەکی غەززە، هەروەها لێدوانە دژبەیەکەکانی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەموو ئەمانە ئەوە دەگەیەنن کە ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگ دژی ئێران بە پاڵپشتیی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل، لە ئەگەری ئاشتی نزیکترە.

زانیارییەک: بە گوێرەی بەشێک لە سەرچاوەکان، ئیسرائیل خاوەنی 200 بۆمبی ئەتۆمییە، لەگەڵ بڕێکی ئەوەندە لە یۆرانیۆمی پیتێندراو کە بەشی دروستکردنی 100 بۆمبی دیکە دەکات. یەکێک لەوانە مووشەکی «ئەریحا»یە بە مەودای 1500 کیلۆمەتر. لە جەنگی 1973دا ئەمریکا رێگر بوو لە بەکارهێنانی، ئەگینا ئەگەری ئەوە زۆر بوو بۆ لێدانی میسر و سووریا بەکاری بهێنێت.

کۆمێنت بۆ بابەتەکە بنووسە

ناونیشانی ئیمەیڵی تۆ بڵاو ناکرێتەوە. خانەکانى پێویست بە پڕ بکرێنەوە * نیشان دەدرێن.