سەرۆكی حزبی ئایندەی توركیا و سەرۆك وەزیرانی پێشووی ئەو وڵاتە ڕەخنە لە وتەكانی وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی دەگرێت، كە “هەڕەشەی لەناوبردنی ئیسڕائیل”ی كردووە و دەڵێت: قسە زۆردەكەن و كاری كەم دەكەن.
ئەحمەد داود ئۆغلۆ، سەرۆكی حزبی ئایندەی توركیا دەڵێت لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا : هاكان فیدان بانگەشەی لە ناوبردنی ئیسرائیل دەكات، من لە حكومەتی توركیا دەپرسم، لە بەرامبەر هەڕەشەكانی لە ئیسرائیل، چی كردووە؟
ئاماژە بەوەدەكات، تەنها یەك رێوشوێنیان بەرامبەر ئیسرائیل نەگرتووەتەبەر، با سەیری ئامارەكان بكەین، لەنێو دەوڵەتی ئیسلامییەكاندا توركیا بە یەكەم وڵات دادەنرێت، كە زۆرترین قەبارەی بازرگانی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، دوای ئەو ئیمارات و پاشان میسر.
داود ئۆغلۆ ڕاشیگەیاندووە، توركیا پێنجەم گەورە هاوبەشی بازرگانی ئیسرائیلە لە جیهان، ئەمە ئەو لۆژیكە عەرەبییە كۆنەیە، كە پێویستە لێی دووربكەوینەوە، عەرەب قسە زۆردەكات و كاری كەم دەكات.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕۆژی هەینی لە دانیشتنی بەپەلەی پەرلەمانی تورکیادا پشتڕاستی کردەوە، کە پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان وڵاتەکەی و ئیسرائیل بەتەواوی پچڕاوە و بەندەرەکانی تورکیا بەڕووی کەشتییە ئیسرائیلییەکان داخراون، ئەمەش لەبەر ڕۆشنایی کۆمەڵکوژیی ئیسرائیل و برسیکردنی فەلەستینییەکان لە کەرتی غەززە.
فیدان هۆشداریشی دا لەوەی “ئەگەر ڕێگە بە ئیسرائیل بدرێت بەردەوام بێت لە هێرشە بێباکانەکانی لە فەلەستین، بەتایبەتی لە غەززە، دۆخەکە تەنها لە فەلەستینییەکان سنووردار نابێت، بەڵکو هەموو ناوچەکە ئاگر دەکاتەوە”.
