خوێندراوەتەوە: (3.8K)

وەزارەتی دارایی هەرێم “نیگەرانی” خۆی ڕادەگەیەنێت، بەهۆی دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەران لە بانكی (TBI)ی عێراقی و ڕایدەگەیەنێت، نزیكەی 24 هەزار مووچەخۆر لەو بانكە ئەم مانگە مووچە وەردەگرن و 27 ملیار دینار خراوەتە سەر هەژماری بانكەكە.

وەزارەتی دارایی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، داوا لە بانكی تی بی ئای دەكات، وەك تاكە بانكی حكومی پڕۆژەكە، ڕێز لە ئەركەكانی گرێبەستەكەی لە چوارچێوەی پڕۆژەی هەژماری من بگرێت، ئەمەش دابینكردنی ستافی پێویست و تیمی پێویستی پڕكردنەوەی ئامێرەكانی پارە دەگرێتەوە لە هەرێمی كوردستان بە گشتی، و شاری سلێمانی بەتایبەتی.

ڕاگەیەندراوێك لەوەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان لەبارەی بانكی بازرگانی عێراقی (تی بی ئای)

وەزارەتی دارایی و ئابووری نیگەرانە لەبارەی ئەو زەحمەتییانەی هاتبووە بەردەم هاوڵاتییانی شاری سلێمانی لەكاتی وەرگرتنی مووچەكانیان بەهۆی دواكەوتنی كارەكانی بانكی بازرگانی عێراقی (تی بی ئای).

ئەم مانگە، نزیكەی 24,000 مووچەخۆر مووچەكانیان لەڕێگەی تی بی ئایەوە وەردەگرن. لەنێوان 1 تاكو 3ـی ئەیلوول، حكومەتی هەرێمی كوردستان نزیكەی 27 ملیار دیناری گواستۆتەوە بۆ بانكی تی بی ئای بە مەبەستی دابەشكردنیان بەسەر تەواوی مووچەخۆرانی بانكی ناوبراو.

وەزارەتی دارایی و ئابووری داوا لە بانكی تی بی ئای دەكات، وەك تاكە بانكی حكومی پڕۆژەكە، ڕێز لە ئەركەكانی گرێبەستەكەی لە چوارچێوەی پڕۆژەی هەژماری من بگرێت، ئەمەش دابینكردنی ستافی پێویست و تیمی پێویستی پڕكردنەوەی ئامێرەكانی پارە دەگرێتەوە لە هەرێمی كوردستان بە گشتی، و شاری سلێمانی بەتایبەتی.

بە مەبەستی چارەسەركردنی ئەم دۆخەی ئێستا، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان داوا لە لقەكانی بانكی تی بی ئای و ستافەكەی دەكات كە زیاتر لە كاتی ئاسایی دەوامەكانیان كاربكەن تا دڵنیا دەبنەوە لەوەی تەواوی هاوڵاتییان بەبێ كێشە دەستییان بە مووچەكانیان دەگات. هەروەها تی بی ئای دەبێت وەبەرهێنانی زیاتر بكات لە ژێرخانەكەی تاكو ڕێگری بكات لە دووبارەبوونەوەی حاڵەتی لەمشێوەیە.

وەزارەتی دارایی و ئابووری بەردەوام دەبێت لە كاركردنی لەگەڵ بانكی ناوەندی عێراق و تەواوی بانكە بەشداربووەكان بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییە بانكیەكان بەشێوەیەكی بەردەوام و سەردەمییانە لە پڕۆژەی هەژماری من پێشكەشی تەواوی هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان بكات.

وەزارەتی دارایی و ئابووری
هەرێمی كوردستان
7ـی ئەیلوولی 2025

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 16 Today: 55 📊 Click Here