خوێندراوەتەوە: (3.9K)

ڕۆشاد محمد

ئەو دۆخە ئاڵۆزەی ئێستا ئەگوزەرێ لە جیهان و ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستانەکەی خۆمان و چواردەورمان بە عێراقی موفلیسیشەوە ، هیچ پێناسەیەک هەڵناگرێ جگە لە سفرکردنەوەی هەرچی مانای مرۆڤ بوون و یاسا دەستکردەکانی مرۆڤە بە دادگاکانیشەوە .

یاسا ئاسمانی و مرۆیییەکان هەرگیز ڕێگە بە ئەو دونیا بەربەریەتە نادەن کە ئێستا لەلایەن مرۆڤەوە بەرامبەر بە مرۆڤ و ژینگە ئەنجام ئەدرێت !

بەحوکمی ئەوەی من زیاتر بەرکەوتەم لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردیدا هەیە و دەربەدەری ئەو دەسەڵاتە کوردیەم و هەڵگری ناسۆری ئەو کۆمەڵگەیەم بۆیە من لەو ڕوانگەیەوە ئەم چەند دێڕە ئەنووسم !
ئاخر ئەو کارەساتەی لەو جوگرافیە بچووکەی کوردستاندا ئەگوزەرێ هیچ خوێندنەوەیەک هەڵناگرێ جگە لە ئاژاوەیەکی دەستکرد و بەربڵاونەبێت بە پاڵپشتی و کارئاسانی حیزبەکان بۆ ئەوەی بەردەوام ئاشیان بگەڕێ لە پێناو بەرژەوەندی تایبەتی خۆیاندا .
ئەوەی کە شایەنی هەڵوێستە لەسەرکردنە ئەو کوشتار و خوێنڕێژیەی زۆرەیە کە هەیە و ڕۆژ بەڕۆژ ڕێژەکەی لەبەرزبونەوەدایە و حکومەتیش چونکە هی حیزب و بنەماڵەکانە زۆر خەمساردن لە چارەسەکردن و کەمکردنەوەیدا !

ئەو ڕووداوەی کە لە دوو ڕۆژی ڕابووردوودا ڕوویدا تیایدا کەسایەتیەکی حیزبی کوژرا و دوو کەس بە تۆمەتی ئەو تاوانە دەستگیرکران ، لەبەرامبەردا برایەکی کوژراو هەستا بە کوشتی دووکەس لە بنەماڵەی ئەو بکوژانەی کە دوور و نزیک ئاگاداری ئەو بابەتە نەبوون و پەیوەندیشیان پێوە نیە ، تەواو ئەو پێناسەیە هەڵئەگرێ کە بەڵێ دادگاکانی کوردستان وەزعیان زۆر شڕە و پێویستیان بە کرداری گۆڕینی ئەندامەکانی جەستەیانە و ڕەگی شێرپەنجەیین و ئەبێت هەرچی زووە بنەبڕبکرێن .

ئەم ژێرپێخستنەی سەروەری دادگا و ئەو زیادەڕەویکردنە لە کوشتنەوەدا ئەوە پشتڕاست ئەکاتەوە کە بەڵێ یاسام بۆچیە بەخوا لە بەینی دوو کەوانەدا !

ئەو عەقڵیەتە لە عەشایەری و گیانی تۆڵەسەندنەوە هەڕەمەکیانە زیاتر ئاشتەوایی کۆمەڵگە ئەخاتە مەترسیەوە و بەتایبەت دەرکەوت کە ئەو بێتاوانانە لە عەشیرەتێکی بەڕەگەز عەرەبن و ئاماژەکان بۆ ئەوە ئەچن کە تۆڵەی عەشایەری بکەنەوە لە بری ئەوەی بدرێتە دادگا ! واتە پەیوەندی نێوان پێکهاتەی عەرەب و کورد بەرەو ئاڵۆزی ئەبات بەتایبەت لەو ناوچانەی ئەو ڕووداوەی تیایدا ڕوویداوە .

سەرنجێکی تر ئەوەیە کە ئەو کەسەی دەستی لە کوشتنەکەدا هەبووە سەر بە پارتی دیمۆکراتی کوردستانە و بە پاڵپشتی عەشیرەت و حیزبەکەی ئەو کوشتنەی ئەنجامداوە ، ئەمەش دیسان بۆ خۆی ئەوە دەرئەخات کە ئەگەر باڵادەست بووی لە کوردستان ئەوە بڕۆ کێت ئەوێ بکوژە و کەسیش محاسەبەت ناکات ، بەڵکو بابەتەکە ئەشگۆردرێت بە بابەتی ڕقی کورد و عەرەب بەرامبەر بە یەکتری و لەم نێوەندەدا هەر حیزب قازانج ئەکات و تاکی کوردیش وەک نەتەوە ڕۆژ بە ڕۆژ چارە ڕەشتر ئەبێت !

بۆیە تا حکومەت بەم جۆرە بچوک بکرێتەوە لەبەرقاچی بنەماڵەکاندا و ئاوا بێدەسەڵات بێت لەئاستی ئاغا و شێخ و کوڕانی بەرپرسەکاندا ، وەک جەنگەڵ هەمیشە گەورەکان بچوکەکان ڕاوئەکەن و هەر ئەبێت بڵێین ساڵ بە ساڵ خۆزگەم بە پار .

دادگاش هەروەک دیکۆرێک ئەبێت بەیاننامەی بەتاڵ دەربکات بۆ گرتنی تاوانباران .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 44 Today: 1,512 📊 Click Here