جێگری سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند” تاران هەرگیز دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی نابێت”.
پێنجشەممە ٢٥ی ئەیلول محەممەد ئیسلامی، جێگری سەرۆک کۆمار و سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران لە وتارێکدا، لە کۆڕبەندی جیهانیی وزەی ئەتۆم لە مۆسکۆ، هەڵوێستەکانی ئێرانی سەبارەت بە پرسە ئەتۆمییەکان ڕوون کردەوە.
ئیسلامی، لە وتارەکەیدا ڕەخنەی لە هەڵوێستی ئەمەریکا و سێ وڵاتە ئەوروپییەکە سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران گرت و وتی” بە سێ وڵاتە ئەوروپییە و ئەمەریکا ڕادەگەیەنم کە ئێوە ناتوانن گەلی گەورە و ڕۆشنبیری ئێران ملکەچی نیازە خراپەکانتان بکەن. ئێوە دەبێ لەمەودوا دەستبەرداری ئەو سیاسەتانە بن کە لەسەر بنەمای فەرمانڕەوایی بێڕکابەر دامەزراون و چیتر هەوڵی تاڵانکردنی سەرچاوەکانی گەلانی جیهان نەدەن.”
سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران، لە درێژەی وتارەکەیدا رایگەیاند” ئێمە ساڵی ڕابردوو یادی ٥٠یەمین ساڵیادی دامەزراندنی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێرانمان کردەوە. ئێستا پیشەسازیی ئەتۆمیی ئێران بووەتە هێمایەکی سەرکەوتوو و پێشەنگ لە پەرەپێدانی زانست و تەکنەلۆجیادا و سەرەڕای ئاستەنگە سەخت و تاقەتپڕوکێنەکان کە لەلایەن ئەمەریکا و سێ وڵاتە ئەوروپییەکەوە دروست کراون، ئێران توانیویەتی ئاستە بەرزەکانی تەکنەلۆجیا و پیشەسازی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت”.
ئیسلامی، جەختی کردەوە لەوەی”بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بە تەواوی ڕوون و ئاشتیخوازانەیە و هەرگیز لێی پاشگەز نابینەوە.
ئەو، هەروا رایگەیاند” ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، لە بنەڕەتدا لە بەشی پشکنینەکاندا، بەهۆی فشاری زۆری ڕۆژئاواوە، ٨٠%ی بودجەی پشکنینەکانی تەنیا بۆ دروستکردنی کێشە و ئاستەنگ دژی بەرنامەکەی ئێران تەرخان کردووە.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە پێشتریش عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لە تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران بڵاو کرایەوە، دوا هەڵوێستی وڵاتەکەی ڕایگەیاند و بە هەموو جۆرێک دانوستانی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئەمەریکا ڕەت کردەوە، وتی”ئەمە دوا چانسی ڕێگرییە لە دووبارە سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر ئێران”.
جێگری سەرۆک کۆماری ئێران
محەمەد ئیسلامی
