خوێندراوەتەوە: (3.7K)

حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی رەشنووسی رێککەوتنی نێوانیان وەڵامی بەغدا دەداتەوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، کە بەشێوەیەکە بەغدا بەرهەمە نەوتییەکان دابین دەکات و لیژنەیەک بۆ خەمڵاندنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و پێویستی ناوخۆ لە بەرهەمە نەوتییەکان دەنێرێت. کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت سێ داواکارییان پێشکێش کردووە کە لە بارەی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت، قەرزی پێشوو و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ گرێبەستەکانیاندایە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دانوستاندنەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، کە لەبەر هەستیاریی پرسەکە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رەشنووسی رێککەوتن لەبارەی رادەستکردن و هەناردەی نەوت لە قۆناخی کۆتاییدایە و گۆڕانکارییەکی سەرەکی کە تێیدا کراوە ئەوەیە، تەواوی نەوتی بەرهەمهێندراو رادەست دەکرێت لە بەرامبەر ئەوەی کە حکومەتی فیدراڵی پێویستی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان لە بەرهەمە نەوتییەکان دابین بکات.

بەگوێرەی زانیارییەکان، خەمڵاندنی سەرەتایی ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان رۆژانە پێویستی بە 50 بۆ 55 هەزار بەرمیل نەوتە بۆ ئەوەی بینێرێت بۆ پاڵاوگەکان و بەرهەمە نەوتییەکانی لێ بەرهەم بهێنرێت.

یاسای بودجەی عێراق، مەرجی رادەستکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی دیاریکردووە بۆ ئەوەی شایستە داراییەکانی مانگانەی هەرێمی کوردستان بدرێت، بەڵام ئێستا بە بەغدا راگەیێنراوە کە توانای بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمى کوردستان دەگاتە 280 هەزار بەرمیل.

ئەو سەرچاوەیەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە بەگوێرەی رەشنووسی رێککەوتنەکە، لیژنەیەک لە وەزارەتی نەوتی عێراقەوە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ دوو مەبەست؛ یەکەمیان، دیاریکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان و، دووەم، دیاریکردنی ئاستی پێویستی بەرهەمی ناوخۆیی بۆ بەرهەمە نەوتییەکانى وەک نەوتی سپی، بەنزین، گازوایل کە بە گوێرەی رێککەوتنەکە دەبێت حکومەتی فیدراڵ دابینی بکات.

بە گوێرەی زانیارییەکان، بڕیارە دووشەممە، 7ی تەمموز، وەڵامی حکومەتی هەرێمی کوردستان بدرێتە بەغدا و پێیان دەگوترێت هەرێمی کوردستان رازییە بەو شێوازەی دانراوە بۆ رادەستکردنی نەوت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 73 Today: 2,690 📊 Click Here