خوێندراوەتەوە: (1.2K)

سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، نوسراوێکی ئاراستەی پەرلەمانی وڵاتەکەی کردوە و داوای درێژکردنەوەی ئۆپراسیۆنەکانی دەکات لە ناو خاکی باشور و ڕۆژئاوای کوردستان بۆ ماوەی سێ ساڵی دیکە.

ئەمڕۆ، ١٦تشرینی یەکەم ٢٠٢٥، لەو نوسراوەدا کە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی وڵاتەکەی کردوە تیایدا هاتوە” باکووری سووریا هەڕەشەیە بۆ ئاسایشی نەتەوەییمان و تیرۆر کۆتایی پینەهاتوە و مەترسی و هەڕەشە بۆ سەر خاکی تورکیا هەیە، و بوونی پەکەکە و داعش مەترسین لە عێراقەوە بۆ سەر وڵاتەکەمان، بۆیە داوا دەکەین ئۆپراسیۆنەکانمان درێژ بکرێنەوە بۆ سێ ساڵی دیکە”.

هەر لە نوسراوەکەدا هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە بە “جوداخواز” ناوبراون و ئاماژە بەوەکراوە کە ویستیان نیە بۆ تێکەڵبوون بە هێزەکانی سوریا.

لە کاتێکدا فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات(هەسەدە) بە ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی راگەیاندوە “لەگەڵ حکومەتی سوریا سەبارەت بە تێکەڵکردنی هیزەکانیان گەیشتونەتە چەند خاڵێکی لێکتێگەیشتن”.

٢ تشرینی یەکەم ٢٠١٤ پەرلەمانی تورکیا مۆڵەتی ئۆپراسیۆنی سەربازی وڵاتەکەی دا لە عێراق و سوریادا دا، و لە ٣٠ تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ بۆ ماوەی دوو ساڵ ئۆپراسیۆنەکان لە باشور و ڕۆژئاوای کوردستاندا درێژکرانەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە ڕۆژی ٢٧ شوباتی ٢٠٢٥، سەرۆکی زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان عەبدوڵا ئۆجەلان، لە پەیامێکدا داوای لە پارتی کرێکارانی کوردستان کرد، کۆنگرە ببەستن و بڕیاری هەڵوەشاندی پارتەکە بدەن و خۆی بەرپرسیارێتتی قۆناغەکە دەگرێتە ئەستۆ.

لە ١٢ئایاری ٢٠٢٥، پارتی کرێکارانی کوردستان ئەنجامی کۆنگرەی ١٢ی پارتەکەیان راگەیاند، کە خۆیان هەڵدەوەشێنن و چەک دادەنێن.

لە ١٢ حوزەیرانی ٢٠٢٥ لە مەراسیمێکدا گروپێک گەریلا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە سنوری پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان سوتاند.

لە ئێستاشدا لە پەرلەمانی تورکیادا کۆمسیۆنێک ڕاسپێردراوە بۆ هەنگاونان بۆ پرۆسەی ئاشتی، بەڵام تا ئێستا کارەکانیان بەشێوازی گوێگرتن بوە لە گروپە جیاجیاکان و کۆبونەوەیان ئەنجامداوە، پێشبینی دەکرێت لە ماوەی داهاتوودا لیژنەیەک لە کۆمسیۆنەکە سەردانی دورگەی ئیمراڵی بکات.

تورکیا

باشوری کوردستان

ڕۆژئاوای کوردستان

ئپراسیۆنەکانی تورکیا

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 153 Today: 436 📊 Click Here