ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە تورکیا ئامادەکاری بۆ دەرچواندنی یاسایەک دەکات کە رێگا بە هەزاران لە گەریلای پەکەکە بدات بگەڕێنەوە بۆ نێو تورکیا، بەڵام داوا دەکات هەزار لەو چەکدارانە بگوازرێنەوە بۆ وڵاتێکی سێهەم، چونکە تورکیا تێبینی لەسەر ئەو ئەو گەریلایانە هەیە.
حکومەتی تورکیا سەرقاڵی ئامادەکردنی یاسایەکی نوێیە کە ڕێگە بە گەڕانەوەی هەزاران چەکداری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و هاوڵاتیانی مەدەنی کورد بۆ ماڵەکانیان، ئەم هەنگاوە ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە ململانێیەکی چوار دەیە کە بووە هۆی کوژرانی نزیکەی هەزار کەس.( وەک ئاژانسی رۆیتەرز دەڵێت ).
بەرپرسێکی باڵای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرچاوەیەک لە پارتێکی سیاسی کورد بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە کە یاسا چاوەڕوانکراوەکە پارێزگاری لە گەڕاوەکان دەکات لە لێپرسینەوەی یاسایی، بەڵام لەو تاوانانەی پێشوو ناگرێتەوە. لە هەمان کاتدا، باس لە ئەگەری ناردنی هەندێک لە سەرکردەکانی پارتەکە بۆ وڵاتانی سێیەم دەکرێت وەک بەشێک لە چارەسەرەکە.
گەڕانەوەی چەکدارانی پارتەکە و خێزانەکانیان لە بنکە شاخاوییەکانیان لە هەرێمی کوردستانی عێراق، دواین بەربەستە لەبەردەم گفتوگۆ بەردەوامەکانی نێوان ئەنقەرە و کورد، دوای زنجیرەیەک هەنگاوی سمبولی کە بریتی بوون لە هەڵوەشاندنەوەی خودی پارتەکە و دانانی چەک لەمساڵدا وەک وەڵامێک بۆ بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرکردەی زیندانیکراوی پەکەکە.
ئەو بەرپرسەی کە داوای کرد ناوی ئاشکرا نەکرێت، ڕایگەیاندووە کە بڕیارە یاسا چاوەڕوانکراوەکە پێش کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ پێشکەش بە پەرلەمانی تورکیا بکرێت. پلانەکە یەکەمجار گەڕانەوەی هاوڵاتیانی مەدەنی دەگرێتەوە، پاشان نزیکەی ٨ هەزار چەکدار دوای ئەنجامدانی پشکنینی تاکەکەسی.
لە بەرامبەردا، ئەنقەرە لە گەڕانەوەی نزیکەی هەزار سەرکردەی دیار گومان دەکات و گواستنەوەیان بۆ وڵاتانی ئەوروپا بە باشتر دەزانێت، هەرچەندە مەترسی ئەوە هەیە دوورخستنەوەیان ببێتە هۆی نوێبوونەوەی گرژییەکان لە داهاتوودا.
تورکیا
پەکەکە
لێبوردنی گشتی
گواستنەوە بۆ وڵاتی سێهەم
